ئەردۆغان: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چەتەگەرییە و وەڵامدانەوەی تاران رەوایە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا، حکومەتی نەتەنیاهووی بە "گەورەترین رێگر" لەبەردەم ئاشتیی هەرێمیدا ناوبرد و داوای یەکڕیزیی جیهانی ئیسلامی کرد. هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران بە چەتەگەری ناوبرد و گوتی، "وەڵامدانەوەی تاران رەوایە". 
 
ئەمڕۆ شەممە 21ـی حوزەیرانی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە 51ـەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی بەشداری کرد کە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەدەچێت.
 
ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەدا گوتارێکی پێشکێشی ئامادەبووان کرد و بە تووندی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. ئەردۆغان رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران "چەتەگەرییە" و وەڵامدانەوەی تارانیش "بەرگرییەکی رەوایە". ئەردۆغان حکومەتی بنیامین نەتەنیاهووی بە گەورەترین رێگر لەبەردەم ئاشتیی هەرێمیدا وەسف کرد.
 
سەرۆککۆماری تورکیا لە دەستپێکی گوتارەکەیدا سەرەخۆشیی لە زیاتر لە 55 هەزار فەلەستینی کرد کە بە گوتەی ئەو "لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە غەززە شەهیدکراون و زیاتر لە 65٪یان منداڵ و ژنن."هیوای چاکبوونەوەیشی بۆ 128 هەزار بریندار خواست و گوتی، "ئێمە وەک تورکیا ئازاری برا فەلەستینییەکانمان بە ئازاری خۆمان و خەمیان بە خەمی خۆمان دەزانین. با برا فەلەستینییەکانمان بزانن کە ئەمڕۆ تاریکیی ستەم چەندە چڕ بێت، دادپەروەری دادەمەزرێت و سەرکەوتن بێگومان هی باوەڕداران دەبێت." 
 
"کردەوەکانی ئیسرائیل چەتەگەرییە"
 
ئەردۆغان سیاسەتەکانی ئیسرائیلی لە ناوچەکە بە "داگیرکاری، وێرانکاری و کۆمەڵکوژی" ناوبرد و رایگەیاند، "ئیسرائیل بە پشتیوانیی بێمەرجی هێزە رۆژئاواییەکان، بەردەوامە لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەمان."
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، ئیسرائیل غەززەی کردووەتە "کەلاوەیەکی گەورە" و دامەزراوەی تەندروستی، قوتابخانە، مزگەوت و کەنیسەکانی بۆردوومان کردووە و گوتی، "21 مانگە دوو ملیۆن خوشک و برامان لە غەززە لە بارودۆخێکدا بۆ مانەوە تێدەکۆشن کە تەنانەت ئۆردووگا زۆرەملێکانی نازییەکانیشی تێپەڕاندووە." 
 
سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران رایگەیاند: "دەمەوێت بە روونی و ئاشکرا بیڵێم، حکومەتی نەتەنیاهوو بە هەموو ئەم هێرشانەی سەلماندی کە گەورەترین رێگرە لەبەردەم ئاشتیی هەرێمیدا. بە بەهێزترین شێوە نەفرەت و سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکەم." 
 
ئەردۆغان پێناسەی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە، لوبنان، یەمەن، سووریا و ئێران بە "چەتەگەری" کرد و گوتی: "ئەو رێوشوێنانەی ئێران لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردنی رەوادا بۆ پاراستنی گەلەکەی گرتوویەتیەبەر، زۆر سرووشتی، رەوا و یاسایین."
 
"نەتەنیاهوو وەک هیتلەر ناوچەکە بەرەو کارەسات دەبات"
 
ئەردۆغان حکومەتی نەتەنیاهووی بەوە تۆمەتبار کرد کە ئامانجی تێکدانی دانوستاندنەکانی ئەتۆمیی ئێرانە و دەیەوێت شەڕ بەسەر هەموو ناوچەکەدا بڵاوبکاتەوە لەبری ئەوەی لە تەنیشت دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینەوە بە ئاشتی بژی.
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "بڕوانن، چۆن 90 ساڵ لەمەوبەر ئەو پریشکەی هیتلەر دایگیرساند، هەموو جیهانی لە زەریای هێمنەوە تاوەکو ئەتڵەسی گڕ تێبەردا، ئەمڕۆش ئارەزووە زایۆنیستییەکانی نەتەنیاهوو، جگە لە راکێشانی ناوچەکە و هەموو جیهان بۆ کارەساتێکی گەورە، هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە." 
 
هەروەها جەختی کردەوە: "ئێمە رێگە نادەین نەخشەیەکی نوێی سایکس پیکۆ کە سنوورەکانی بە خوێن بکێشرێت، لە ناوچەکەماندا دابمەزرێت."
 
داوای یەکڕیزیی جیهانی ئیسلامی
 
ئەردۆغان داوای یەکڕیزیی لەنێوان وڵاتانی ئیسلامیدا کرد و رایگەیاند، چارەنووسی هەمووان پێکەوە گرێدراوە. "چارەنووسی ئیستەنبووڵ لە چارەنووسی شام جیا نییە؛ لە چارەنووسی بەغدا، قاهیرە، سەنعا، ئیسلام ئاباد، کابووڵ، تەرابلوس و تاران جیا نییە؛ بێگومان لە چارەنووسی قودس و غەززە جیا نییە. چارەنووسی موسڵمانان بە تورک، کورد، عەرەب و فارس، سووننە، شیعە و عەلەوییەوە، هاوبەشە."
 
سەرۆککۆماری تورکیا داوای کرد ناکۆکییەکان وەلا بنرێن و گوتی: "پێویستە ئەمڕۆ زیاتر دەست لەنێو دەستی یەکدی بنێین و ریزەکانمان تووندتر بکەین. لە جیهانی فرەجەمسەردا، پێویستە جیهانی ئیسلامی کە دوو ملیار کەسە، بە تەنیا ببێتە جەمسەرێک." 
 
پشتیوانی لە سووریا و ئۆنروا
 
سەرۆککۆماری تورکیا خۆشحاڵیی خۆی بە گەڕانەوەی ئەندامێتیی سووریا بۆ رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی دەربڕی و گوتی: "سەرکەوتنە مەزنەکەی گەلی سووریا کە بە سەتان هەزار شەهید بەدەستهاتووە، دەرگای قۆناخێکی نوێی کردووەتەوە. وەک تورکیا بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی فرەلایەنەی سووریا بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی بووەستێت." 
 
ئەردۆغان داوایکرد رێگە نەدرێت ئیسرائیل ئاژانسی فریاگوزاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین (UNRWA) ئیفلیج بکات و گوتی: "چاوەڕوانین وڵاتانی ئەندام بە شێوەی مادی و مەعنەوی پشتگیریی ئۆنروا بکەن و یارییەکانی ئیسرائیل تێکبدەن."