پەرلەمانتارێکی کوردی پارتی ئاییندە وازی لە پارتەکەی هێنا
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی کوردی پارتی ئاییندە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو وازی لە حیزبەکەی هێنا.
ئەمڕۆ دووشەممە 21ی تەممووزی 2025 دۆغان دەمیر، پەرلەمانتاری کوردی پارتی ئاییندە لە هاوپەیمانیی فراکسیۆنی (رێبازی نوێ) لە بازنەی ئیستەنبووڵ وازهێنانی لە پارتەکە و دەستلەکارکێشانەوەی لە فراکسیۆنەکەی پەرلەمان راگەیاند.
دۆغان دەمیر لەدایکبووی 1973یە لە شارۆچکەی ڤارتۆ لە پارێزگای مووشی باکووری کوردستان و هاونیشتمانییەکی عەلەوییە.
دەمیر یەکێک بوو لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی پارتی ئایندە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس هۆکاری وازهێنانی بەم جۆرە راگەیاند: "بە رای گشتی رادەگەیێنم لە پارتی ئایندە جیابوومەوە کە لە 19ی کانوونی یەکەمی 2019 یەکێک بووم لە دامەزرێنەرانی. نزیکەی شەش ساڵ شار بە شار و شارۆچکە بە شارۆچکەی تورکیا گەڕام بۆ ئەوەی پارتەکەم سەرکەوتوو بێت؛ لەوەش زیاتر، بۆ ئەوەی بتوانم جێگرەوەیەک پێشکێش بکەم و گەلەکەمان لەو قەیرانە سیاسییەی تێیکەوتووە دەرباز بکەم، لەگەڵ خەڵکی هەموو چین و توێژەکان کۆبوومەوە.
بۆ بەهێزکردنی کولتووری دیموکراسیمان، سەروەریی یاسا و دامەزراندنی ژیانێکی یەکسان و دادپەروەرانە، رێگەیەکی زۆر دوورودرێژمان بڕی. بەڵام لەم خاڵەی پێیگەیشتووین، بەهۆی ئەوەی زەوینەیەکی سیاسیی بەردەوام نەماوە و سەرەڕای هەموو ئاگادارکردنەوەکانمان لە دوو ساڵی رابردوودا، نەتوانراوە گۆڕانکارییەک دروست بکرێت، بۆیە دەستلەکارکێشانەوەم و جیابوونەوەیەم بە پێویست زانی".
20ـی مانگیش هەریەک لە سەلیم تەمورجی و عیسا مەسیح شاهین، پەرلەمانتارانی پارتی ئایندە وازیان هێنا و چاوەڕوان دەکرێ پەیوەندی بە ئاکپارتییەوە بکەن. لە مانگی ئایاری ئەم ساڵیش، حەسەن ئەیکیجی، پەرلەمانتاری پارتی ئایندە لە بازنەی کۆنیا پەیوەندی بە ئاکپارتی کرد.
بە دەستلەکارکێشانەوەی دۆغان دەمیر، ژمارەی پەرلەمانتارانی پارتی ئایندە بۆ 4 پەرلەمانتار کەمبووەوە.
لە هەڵبژاردنی ئایاری 2023دا پارتی ئایندە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی میللـەت بە سەرۆکایەتیی جەهەپە 8 کورسی بەدەستهێنا. ئەو پارتە ئێستا لەگەڵ هەریەک لە پارتی دێڤا بە سەرۆکایەتیی عەلی باباجان و پارتی سەعادەت بە سەرۆکایەتیی مەحموود ئاریکان، فراکسیۆنێکی هاوبەشیان لە پەرلەمان بەناوی (رێبازی نوێ) پێکهێناوە و 20 کورسی پەرلەمانیان هەیە.