میتحەت سانجار لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: نابێت جەهەپە پەراوێز بخرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و پەرلەمانتاری پارتەکە دەڵێت، پێویستە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە گرتووخانە چاک بکرێت. دەشڵێت، نابێت پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە) لە پرۆسەی چارەسەریدا پەراوێز بخرێت.
میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها و ئەندامی شاندی ئیمراڵی رۆژی دووشەممە، 21ی تەممووزی 2025 لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، بۆ ئەوەی پرۆسەی چارەسەری پێشبکەوێت، دەبێت دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە گرتووخانەی ئیمراڵی بگۆڕدرێت و هەلومەرجی ئازادی کارکردنی بۆ بڕەخسێندرێت.
سانجار جەختی لە گرنگیی رۆڵی ئەو لیژنەیە کردەوە کە بڕیارە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت و گوتی: ''بۆ ئەوەی پرسی چەکدانان پێشبکەوێت، پێویستە هەندێک چاکسازیی یاسایی بکرێن. ئەم چاکسازییە یاساییانەش پێویستە لە ماوەیەکی نزیکدا لەلایەن ئەو لیژنەیەوە تاوتوێ بکرێن و ئەنجامیان لێ بکەوێتەوە''.
ئەو ئەندامەی شاندی ئیمراڵی ئاماژەی بەوەش کرد، نابێت رۆڵی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە) لە پرۆسەی چارەسەریدا پەراوێز بخرێت.
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.