پاسێک لە تورکیا کەوتە نێو دۆڵێکەوە و 12 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی هاتووچۆ لە پارێزگای یۆزگات لە تورکیا بووە هۆی گیانلەدەستدانی 12 کەس و برینداربوونی 19 کەسی دیکە؛ بەشێک لە بریندارەکانیش تەندروستییان ناجێگیرە.
کاژێر 03:20 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئابی 2023 پاسێکی نەفەرهەڵگر کەوتە نێو دۆڵێکی سنووری شارۆچکەی سۆرگون لە پارێزگای یۆزگات لە تورکیا و لە ئەنجامدا 12 کەس گیانیان لەدەستدا و 19 کەسی دیکەش بریندار بوون، دۆخی تەندروستیی هەشت لە بریندارەکان ناجێگیرە.
محەممەد عەلی ئۆزکان، پارێزگاری یۆزگات، لە کاتی گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی گشتیی شارەکە بە میدیاکانی راگەیاند، پاسەکە تایبەت بووە بە هێڵی نێوان شارەکان و لە کاتی گواستنەوەی هاووڵاتییان لە سێواسی باکووری کوردستانەوە بەرەو ئیستەنبووڵ، لە رێگەدا کۆنترۆڵی لەدەستداوە و کەوتووەتە نێو دۆڵێک.
#Yozgat'ın #Sorgun ilçesinde yolcu otobüsünün şarampole düşmesi sonucu 12 kişi hayatını kaybetti, 19 kişi yaralandı.
— Rudaw Türkçe (@RudawTurkce) August 21, 2023
🔗 https://t.co/z8ekudKdKl pic.twitter.com/TSRl0T8ad3
هاوکات یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی هۆکاری لە کۆنترۆڵ دەرچوونی پاسەکە و دروستبوونی رووداوەکە دەکەن.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و لە ئەنجامدا دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.