دووران کاڵکان: تورکیا بە سیاسەتی خۆی لە سووریا دژایەتیی کورد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاند، پێویستە لە پەرلەمانی تورکیا گوێ لە ئۆجەلان بگیرێت و رەخنەی لە سیاسەتەکانی تورکیا لە سووریا گرت و دەڵێ تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان دژایەتیی کورد دەکات.
دوران کاڵکان، شەوی چوارشەممە 20ـی ئابی 2025 لەبارەی پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بۆ میدیاکانی نزیک لە پەکەکە قسەی کرد.
کاڵکان لەبارەی لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی، پێویستە ئۆجەلان و ئەو کەسانەی لە ئیمراڵین، بچنە پەرلەمان و بەشداری کۆبوونەوەکانی لیژنەکە بکەن و گوێیان لێ بگیرێت.
ئەو بەرپرسە باڵایەی پەکەکە گوتیشی: "عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرپەرشتیاری دانوستاندنەکانی لایەنی کوردییە. هەر بۆیە، پێویستە رێبەر ئاپۆش بە پلان و کاتێکی گونجاو و لە ئاستێکی تێر و تەسەلدا گوێی لێ بگیرێت. هەڵبەتە نەک تەنیا رێبەر ئاپۆ؛ سەرپەرشتیاری دانوستاندن بە تەنیا نییە! واتە، شاندێکی هەیە. نوێنەری لایەنێکە. لایەنی کورد، لایەنی دیموکراسییە. ئەندازیار و پێشەنگی بەدیموکراتیکبوونە، رێگەی چارەسەری پێش دەخات. لە ناوخۆ و دەرەوەش هەموو کەس ئەمە قبوڵ دەکات و دەیبینێت، هەر بۆیە پێویستە ئەو بە شێوەیەکی چالاک بەشدار بێت.
لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لەلایەن پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهێندراوە، لە 51 ئەندام پێکدێت، تاوەکو ئێستا پێنج کۆبوونەوەی کردووە، بڕیارە 27ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی سەرۆکەکانی پێشووی پەرلەمانی تورکیا کۆببێتەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە 27ی شوباتی ئەمساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت و لەوێ بڕیاری چەکدادانان و خۆهەڵوەشاندنەوە بدات، پەکەکەش بە دەم بانگەوازەکەی ئۆجەلان چوو.
کاڵکان، هەروەها رەخنەی لە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر سووریا و رۆژئاوای کوردستان گرت و گوتی تورکیا هەوڵ دەدات مافەکانی کورد لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا گفتوگۆیان لەسەر نەکرێت.
کاڵکان گوتی: "دەتوانین بڵێین دەسەڵاتی ئێستا، لە ترسی ئەوەی کورد کاریگەر دەبێت، لە سووریا رێگری لە یەکێتیی دیموکراتیک دەکات. لەبەر ئەوەی کوردیش بەشدار دەبن، دژی دامەزراندنی سووریایەکی دیموکراتیک بە بەشداریی هەموو لایەنەکان دەوەستێتەوە. بۆ نموونە، هێزە نێودەوڵەتییەکان هاتنە ناو بابەتەکەوە. پێشبینی دەکرا هێزەکانی هاوپەیمانان لە پاریس کۆبوونەوەیەک ساز بکەن. هاکان فیدان چوو و لە رۆژێکدا رەتیکردەوە." گوتیشی: "هەموو کەس دەزانێت کە شەرع، لەسەر بنەمای بۆچوونەکانی هاکان فیدان بەشداری لە کۆبوونەوەی پاریس ناکات"
کاڵکان رەخنەشی لە دەسەڵاتی ئاکپارتی گرت بەوەی زمان و سیاسەتەکانی خۆیان بەگوێرەی پرۆسە نوێیەکە رێک نەخستووە.