جەهەپە: ئەندامەکانمان نانێرین بۆ ئیمرالی

رووداو دیجیتاڵ
 
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە رایگەیاند، لە لیژنەی کۆمیسیۆنی پاڵپشتی ئاشتی ناکشێنەوە، بەڵام ئەندامەکانیان لە لیژنەکەدا ناچنە ئیمرالی.
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی دەستیپێکرد و بەردەوامە، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر چوون یان نەچوونی شاندێکیان بۆ دوورگەی ئیمرالی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بدات.
 
پێش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، موراد ئەمیر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، دەستەی راپەڕاندنی ناوەندیی حیزبەکەیان کۆبوونەتەوە و بڕیاریان داوە، "بەشداری نەکەین لەو شاندەی دەچنە ئیمرالی".
 
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە گوتی: "کارەکانمان لە لیژنەکەدا بەردەوام دەبێت و ناکشێینەوە".
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی سێشەممە 18-11-2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا ئەگەری سەردانی کۆمیسیۆنەکە بۆ دوورگەی ئیمرالی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێنایە بەر باس کە ئێستا رۆژەڤی گەرمی ئەنقەرەیە.
 
باخچەلی بە پێویستی زانی بابەتی دیداری ئیمرالی یەکلایی بکرێتەوە و گوتی، "ئەگەر راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسە دروست نەکرێ کە لایەنی راستەقینەی پرۆسەکەیە، چۆن ئەنجام بەدەست دێت و بەرەوپێشچوون تۆمار دەکرێت؟ ئەگەر ئەو کۆمیسیۆنەی پەرلەمان لەم چوارچێوەیەدا بڕیارنەدات و هیچ کەسێک ئەم سەردانە نەکات و هەمووان پێداگری لەسەر یاریی سێ مەیموونەکە بکەن، بە روونی دەڵێم، سێ هاوڕێم لەگەڵ خۆم دەبەم و لەسەر حیسابی خۆم دەڕۆمە ئیمرالی و سڵ لەوە ناکەمەوە کە لەسەر مێزێک رووبەڕوو لەگەڵی دابنیشم".
 
باخچەلی هەروەها رایگەیاند، هەرچی هەیە رووبەڕوو لەگەڵ ئۆجەلان باسی دەکات.