کۆمیسیۆنی پڕۆسەی چارەسەری بڕیاری سەردانی ئیمراڵی دا؛ دەم پارتی رەخنە لە جەهەپە دەگرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی ئاشتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیا بڕیاری دا سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکات و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆببێتەوە. دەم پارتی پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات و بە "هەنگاوێکی مێژوویی" ناوی دەبات، هاوکات رەخنە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەگرێت بۆ رەتکردنەوەی بەشداریکردن لە شاندەکەدا.
 
کۆمیسیۆنی "پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کە لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، ئەمڕۆ هەینی بڕیاری دا شاندێک رەوانەی زیندانی ئیمراڵی بکات. 
 
ساروهان ئۆلوچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە هەر فراکسیۆنێکی نێو کۆمیسیۆنەکەدا یەک ئەندام بەشدار دەبێت و بڕیارە کۆمیسیۆنەکە چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت." گوتیشی، "ئەم هەنگاوە بۆ چارەسەری کێشەی کورد و ئاشتیی تورکیا گرنگە."
 
جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنە رایگەیاند، بەشداریی سەردانەکە ناکات. 
 
ساروهان ئۆلوچ لە کاتی بەشداربوونی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی هەینیی رووداو دا، کە نالین حەسەن پێشكێشی کرد، هۆکاری بەشدارینەکردنی جەهەپەی گەڕاندەوە بۆ "ترس لە کاردانەوەی دەنگدەر و نەتەوەپەرستەکانی نێو پارتەکە."
 
هاوسەرۆکایەتیی دەم پارتیش هەمان رۆژ لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و رایگەیاند، "ئێمە بڕیاری چوونە ئیمراڵی بە روونترین دەربڕینی پێگەیشتوویی دیموکراسی و ئیرادەی ئاشتیی تورکیا دەزانین."
 
لە راگەیێندراوەکەی دەم پارتیدا کە واژۆی تولای هاتیمئۆغوڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتەکەی لەسەرە، هاتووە، "سەردانی ئیمراڵی دەبێتە هەنگاوێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بەو ئازارانەی دەیان ساڵە بەردەوامن و هەروەها بۆ دامەزراندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی. کردنەوەی کەناڵی گفتوگۆ و پەیوەندیی شەفاف لە ئیمراڵی، دەروازەیەکی دەرفەتی بێوێنە بۆ چارەسەری پرسی کورد و بەدیموکراسیکردنی تورکیا دەڕەخسێنێت."
 
دەم پارتی سوپاسی هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و لایەنە هاوپەیمانەکانییانی وەک پارتی رەنج (EMEP) و پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP) کردووە بۆ ئەو "بەرپرسیارێتییە سیاسییەی" نواندوویانە لەم پرسەدا.
 
هاوکات، دەم پارتی بە نیگەرانییەوە ئاماژەی بە هەڵوێستی جەهەپە و "هەندێک لایەنی سیاسیی دیکە" کردووە و رایگەیاندووە، "بە نیگەرانییەوە پێشوازی لە هەڵوێستی دوورەپەرێزیی هەندێک لایەنی سیاسی لەم هەنگاوە مێژووییە دەکەین. لە پرۆسەکانی ئاشتیدا، ئازایەتی و دووربینی هەمیشە شایەنی پێزانینن. دوودڵی و خۆدزینەوە ویژدانی کۆمەڵایەتی بریندار دەکات."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیاندا، هاوسەرۆکانی دەم پارتی داوایان کردووە هەموو لایەنەکان لەپێناو ئاشتییەکی سەرتاسەریدا کۆببنەوە و دەڵێن، "بانگەوازی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە خاوەن قسەن لەسەر داهاتووی ئەم وڵاتە، بە جیاوازیی بیروبۆچوونی سیاسییەوە، لەسەر بنەمای هاوبەشی چارەسەری و ئاشتی کۆببنەوە. هیوادارین ئەم سەردانە ببێتە مایەی داهاتوویەکی هاوبەش بۆ 86 ملیۆن کەس و پێکەوەژیانی ئازادانەی دیموکراسی و هاووڵاتیبوونی یەکسان و ئاشتییەکی هەمیشەیی."