وەزیری بەرگریی تورکیا: پێویستە هەسەدە بە تاکە کەسی (نەک وەک یەک) تێکەڵی سوپا بێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری تەنیا بۆ تورکیا نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی گرنگە بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە هەموو ناوچەکەدا. دەشڵێت، ئەم ساڵ دەبێتە ساڵێکی مێژوویی بۆ دەستپێکردنی "تورکیایەکی بێ تیرۆر".
رۆژی 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، یاشار گولەر، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی وەزارەتەکەیدا لەگەڵ میدیاکان لە ئەنقەرە، تیشکی خستەسەر سیاسەتە بەرگرییەکانی وڵاتەکەی و گوتی، "تورکیا لە ناوچەیەکی هەستیار و پڕ لە ململانێدایە، هەربۆیە پێویستە سوپایەکی بەهێز و کارامەمان هەبێت کە هەمیشە ئامادەی ئۆپەراسیۆن بێت."
وەزیری بەرگریی تورکیا جەختی کردەوە، ساڵی 2026 دەبێتە ساڵی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی ستراتیژی لەژێر ناوی "تورکیایەکی بێ تێرۆر". گوتیشی: "ئەم پرۆسەیە تەنیا بۆ وڵاتەکەمان نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکە."
سەبارەت بە دۆخی پەکەکە، گولەر رایگەیاند، دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، ژمارەی ئەو گەریلایانەی خۆیان رادەست دەکەن زیادیکردووە. بەپێی گوتەی ئەو، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 105 کەس و تەنیا دوای بڕیارەکەش 69 ئەندامی پەکەکە خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.
یاشار گولەر ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق کرد و گوتی، لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی باش. گوتیشی: "ئامانجی ئێمە پاککردنەوەی تەواوەتی ناوچەکەیە لە تیرۆر بە هاوئاهەنگیی هەردوولا، بۆ ئەوەی چیدی ئەم بابەتە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ لایەک."
سەبارەت بە دۆخی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، یاشار گولەر رەخنەی لەو رێککەوتنانە گرت کە تاوەکو ئێستا کراون، بەڵام جێبەجێ نەکراون و گوتی: "ئەو لێکتێگەیشتنەی لە 10ی ئادار لە نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا واژۆ کرا، هیچ ئەنجامێکی کردەیی لەسەر زەوی نەبووە."
گولەر ئاماژەی بە مەرجەکانی تورکیا بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا کرد و رایگەیاند، پێویستە نەخشەڕێگایەکی کاتی و پابەندکار هەبێت، نەک تەنیا گوتەی ناڕوون. پێویستە هەسەدە لە "تێرۆریستان" جیابکرێتەوە و بەشێوەی تاکە کەسی (نەک وەک یەک) بچنە ناو سوپای سووریاوە. هەروەها دەبێت دەستبەرداری گوتاری جوداخوازی بن و بە دەسەڵاتی ناوەندییەوە ببەسترێنەوە. پێویستە هەموو جۆرە پێکهاتەیەکی ئەمنی هاوشان لەناو سووریا نەمێنێت.
وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، سیستەمی پاراستنی سنوورەکانیان بووەتە نموونەیەک بۆ ناتۆ. ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای ساڵەوە رێگری لە بەزاندنی نایاسایی سنوور لەلایەن پتر لە 65 هەزار کەسەوە کراوە و دەست بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەریشدا گیراوە.
سەبارەت بە کڕینی فڕۆکەی جەنگی، گولەر ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکان بۆ کڕینی 20 فڕۆکەی "یۆرۆفایتەر تایفون" لە بەریتانیا بەردەوامە و گفتوگۆکانیش لەگەڵ ئەمریکا بۆ فڕۆکەی F-16 و F-35 و لادانی سزاکانی CAATSA بە "ئاراستەیەکی ئەرێنیدا" دەڕۆن.