هاکان فیدان: رووداو و پێشهاتەکانی سووریا بە ئاراستەیەکی باشدا دەچن

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، پێشهاتەکانی سووریا بە ئاراستەیەکی باشدا دەچن و دەڵێت، "یەکێتی و یەکپارچەیی سووریا بۆ ئێمە گرنگە."
 
هاکان فیدان، بە نوێنەرایەتیی سەرۆککۆماری تورکیا، لە داڤۆسی سویسرا واژۆی لەسەر پەیماننامەی ئەنجوومەنی ئاشتی کرد بۆ غەززە. دوای رێوڕەسمەکە بۆ میدیای وڵاتەکەی قسەی کرد. 
 
لەبارەی پێشهاتەکانی سووریاوە رایگەیاند: "هەندێک راستی و بابەت هەن کە ئێمە بەردەوام و لە کاتی خۆیدا جەختمان لێکردوونەتەوە. ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە رۆڵێکی بنیاتنەرانە بگێڕین و بەردەوامیش بووین لەم رۆڵە." 
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، "یەکێتی و یەکپارچەیی سووریا بۆ ئێمە گرنگە. هەمان شت بۆ سوورییەکان و ناوچەکەش گرنگە. چونکە 14 ساڵی رابردووی بە شەڕی ناوخۆ و پارچەبوون بەڕێکردووە. گۆڕینی سووریا لە وڵاتێکەوە کە تیرۆر و کۆچبەری بۆ وڵاتانی دەوروبەری هەناردە دەکرد، بۆ وڵاتێک کە بەرەو یەکپارچەیی دەڕوات، کۆچبەرەکانی وەردەگرێتەوە و تیرۆر رادەگرێت، بەڕاستی بۆ ناوچەکەمان وەک پەرجوویەک وایە. ئێستا گرنگە ئەمە بەردەوام بێت و جێبەجێ بکرێت." 
 
فیدان ئاماژەی بەوەشکرد، "بێگومان لەکاتی جێبەجێکردنی ئەمەدا، نابێت یەکپارچەیی و یەکێتیی وڵات تێکبچێت، نابێت بگاتە شەڕێکی نوێ، بەتایبەتی دەبێت مافی هەموو نەتەوەکان، بەتایبەتی کورد، عەلەوی، دروز، ئێزدی و تورکمانەکان پارێزراو بن. پێویستە هەموو کەسێک شانازی بە ناسنامەی خۆیەوە بکات، بەڵام لەژێر چەتری هاووڵاتیبوونی سووریادا یەکبگرن و هەموو بەشدارییەکی پێویست پێشکێش بە سووریا بکەن. ئەمە هەم بۆ ناوچەکەمان و هەم بۆ سووریاش هۆکارێکی ئاشتییە." 
 
هاکان فیدان، لە کۆتاییدا گوتی: "بۆیە من بەگشتی پێموایە رووداو و پێشهاتەکانی ئێستا بە ئاراستەیەکی باشدا دەچن. بێگومان هەندێک چالاکیی پرۆپاگەندەی رێکخراوەیی هەن. پێموایە پێویست ناکات زۆر گرنگییان پێبدرێت. ئەمە بانگەوازێک نییە کە رووی لە رای گشتیی سووریا، بە کورد و عەرەب بێت. هیوادارم لە رۆژانی داهاتوودا هەنگاوی باشتر بنرێت."