باکرهان بۆ وەزیری بەرگریی تورکیا: جیهان مەزڵووم عەبدی دەناسێت، تۆ لە کوێ دەژیت؟

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی دەم پارتی رەخنەی تووند لە گوتەکانی وەزیری بەرگریی تورکیا دەگرێت سەبارەت بە مەزڵووم عەبدی و رایدەگەیێنێت، "جیهان مەزڵووم عەبدی دەناسێت، کەچی ئەو هێشتا دەڵێت تیرۆریست. ئەرێ تۆ لە کوێ دەژیت؟"
 
شەوی رابردوو 21ـی شوباتی 2026، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پەروین بوڵدان، ئەندامی پێشووی شاندی ئیمراڵی، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە شاری سێرت بەشداربوون. باکرهان لە گوتارێکدا چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە مافی کورد، زمانی دایکی و دۆخی رۆژئاوای کوردستانی وروژاند.
 
باکرهان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا جیهان یادی ئەم رۆژە دەکاتەوە، کەچی لەم جوگرافیایەدا زمانی 50 ملیۆن کورد قەدەخەیە. گوتیشی: "زمان مافێکی زگماکییە و نابێت کەس نکۆڵی لێبکات. پێویستە رێز لەو زمانە بگیرێت، کە خودا بە کوردی بەخشیوە. ئێمە ئازادی بۆ هەموو زمانەکانی جیهان دەخوازین."
 
سەبارەت بە دانانی قەییوم لەسەر شارەوانییەکانی باکووری کوردستان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، ئەگەر دەسەڵات باس لە "پرۆسەیەک" و "نیازپاکی" دەکات، دەبێت دەستبەجێ قەییومەکان بڕۆن و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، چونکە بە گوتەی ئەو "کورد زیاتر لە پێویست نیازپاکی نیشانداوە."
 
تونجەر باکرهان تیشکی خستە سەر پێگەی ئێستای کورد لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان و گوتی: "ئەو دیپلۆماسییەی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە کۆنفرانسی میونشن بەڕێوەیان برد، سەرکەوتنی کورد بوو. ئەوان لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی زۆربەی دەوڵەتانی جیهان کۆبوونەوە و پێکەوە لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی سووریا، نوێنەرایەتیی ئەو وڵاتەیان کرد."
 
لە وەڵامی یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـی بە "تیرۆریست" ناوبردبوو، باکرهان گوتی: "وەزیری بەرگری هێشتا زمانێک بەکاردەهێنێت کە نە لەگەڵ ئەم پرۆسەیە و نە لەگەڵ ئەو وێنەیەی کۆنفرانسی میونشن دەگونجێت."
 
باکرهان سەبارەت بە داوایەکی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ یەکگرتنی هەسەدە و سوپای سووریا، بە تەنزەوە گوتی: "وەزیری بەرگری دەڵێت پێویستە هەسەدە لەگەڵ ئیدارەی سووریا یەکبگرێت؛ بەیانیت باش! هەسەدە مێژوویەکی هەیە لە کارکردن بۆ ئەم یەکگرتنە، تۆ تازە بەخەبەر هاتوویت؟ بێگومان دەبێت یەکگرتنێکی دیموکراسییانە هەبێت."
 
لە کۆتایی ئاخافتنەکەیدا، هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی کردەوە کە کورد داوای مافی کەس ناکات و دژایەتی زمان و نەتەوەکانی دیکە ناکات، بەڵکو تەنیا داوای رێزگرتن لە مافە ڕەواکانی خۆی دەکات.