ئەردۆغان و سکرتێری گشتیی ناتۆ لە ئەنقەرە کۆبوونەوە


 رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە، پێشوازی لە سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ کرد و کاتژێر و نیوێک دوور لە چاوی کامێراکان کۆبوونەوەیەکی داخراویان کرد.
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوە کرد، هەردوولا باسیان لە کارنامەی هاوپەیمانییەکە و پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان کردووە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێکی گرنگ تاوتوێ کران، لەوانە: ئامادەکارییەکانی تورکیا بۆ میوانداریکردنی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ساڵی 2026، کە بڕیارە لە 7 و 8ـی تەممووزی ئەو ساڵە لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت. هەروەها جەنگی رووسیا و ئۆکراینا و دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەردۆغان جەختی لە گرنگیی هاوکاری و هاوپشتیی نێوان ئەندامانی ناتۆ کردووەتەوە و رایگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت لە لووتکەی ئەنقەرەدا بڕیارگەلێک بدرێن کە یەکڕیزیی هاوپەیمانییەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان بەهێزتر بکەن. هەروەها ئەردۆغان بە مارک رووتەی راگەیاندووە کە تورکیا چاوەڕێ دەکات باڵی ئەورووپیی هاوپەیمانییەکە بەرپرسیاریەتیی زیاتر لە ئەستۆ بگرێت.
 
سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردووە کە تورکیا لەو ململانێیەدا خۆی لە بەرەی ئاشتی و دیپلۆماسی داناوە.
 
دەربارەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا، سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کردووە کە وڵاتەکەی بەردەوامە لە بەهێزکردنی تواناکانی، بەتایبەتی لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا و ئامانجیانە هاوکارییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان لەم بوارەدا پەرە پێ بدەن.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەردۆغان جەختی لەوە کردووەتەوە کە تورکیا بە شێوەیەکی چالاکانە کار دەکات بۆ ئەوەی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا بە ئاشتی کۆتایی بێت و هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی دانوستاندنەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆ لە ئاستی سەرکردایەتیدا دەدەن.
 
لە دیدارەکەدا هەریەک لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە؛ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی نیشتمانی و ئاکیف چاغاتای کڵچ، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆمار بۆ سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش ئامادە بوون.
 
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ بە سەردانێکی فەرمیی دوو رۆژە لە تورکیایە. پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەردۆغان، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەو وڵاتە بە جیا کۆبووەوە، هەروەها سەردانی کۆمپانیای (ئەسێلسان)ی کرد کە یەکێکە لە گرنگترین کۆمپانیاکانی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا و سەر بە وەزارەتی بەرگریی نیشتمانیی ئەو وڵاتەیە.