ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا: چاودێریی هەموو قۆناخەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کرا؛ چوار کاژێر و نیوی خایاند. لە راگەیێندراوی کۆتاییدا هەڵسەنگاندن بۆ پرسەکانی رۆژەڤ و پێشهاتەکانی قۆناخی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، دۆخی سووریا، ناوچەکە و نێودەوڵەتی کرا.
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا بڵاوکردەوە. تێیدا هاتووە، لە 22ی ئایاری 2025 بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا 8 خاڵ خرانەڕوو؛ چوار خاڵی یەکەم پەیوەندییان بە پرۆسەی چارەسەری، هەڵوەشاندنەوە و چەک دانانی پەکەکە، کاریگەرییەکانی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا، عێراق، سووریا و ئێران، دۆخی هەسەدە و پێشهاتەکانی ناو سووریا هەبوو. چوار خاڵەکەی دیکە پەیوەندییان بە پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی وەکو دۆخی غەززە، رووداوەکانی ئەفریقا، جەنگی رووسیا -ئۆکراینا و رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئازەربایجان - ئەرمینیا هەبوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا:
 
1- زانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دژی هەموو جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک کە رووبەڕووی یەکێتی و تەبایی نیشتمانیمان و مانەوەمان دەکات، پێشکێشی ئەنجوومەنەکە کرا. بەتایبەتی هەڕەشەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە/کەجەکە-پەیەدە/یەپەگە، فەتۆ و داعش و ئەو رووداوە نێودەوڵەتییانەی کە لەم دواییانەدا روویانداوە.
 
2- هەڵسەنگاندن کرا بۆ تەواوی هەنگاوەکان و پێشهاتەکان کە بۆ ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر نراون.  جەخت لەوە کرایەوە کە بە هەستیارییەوە چاودێری هەموو قۆناخەکانی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە بکرێت، بە جۆرێک کە تیرۆر بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە رۆژەڤی وڵاتەکەمان دەربهێنرێت. یەکێتی و تەبایی گەلەکەمان پتەوتر بکرێت و بە دڵنیاییەوە بگاتە تورکیایەکی بەهێزتر و خۆشگوزەرانتر.
 
3- ئاماژە بەوە درا، لە ئەنجامی پاککردنەوەی هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە جوگرافیای هاوبەشمان، قۆناخێکی ئارام بۆ وڵاتانی ناوچەکەش دەستپێدەکات. بەتایبەتی دراوسێکانمان عێراق، سووریا و ئێران. ئەوەش خرایەڕوو کە پێشخستنی زیاتری هاوئاهەنگی لە بواری ئاسایشدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، گەورەترین هۆکار دەبێت لە بونیاتنانی داهاتووی هاوبەشی ناوچەکەمان.
 
4- دوایین دۆخ و پێشهاتەکانی سووریا هەڵسەنگێندران؛ ئاماژە بەوە درا کە بەردەوام دەبن لە پشتگیری بەهێزی هەوڵەکانی حکومەتی راگوزەری سووریا بۆ دابینکردنی سەقامگیری لە سەرانسەری وڵاتدا. هەروەها پێشوازی لەو هەوڵانە دەدرێت بۆ لابردنی سزا نێودەوڵەتییەکان کە بوونەتە هۆی زەرەرمەندبوونی گەلی سووریا. لەم قۆناخە چارەنووسسازەدا، پێداگری کرا بۆ گرنگی نەهێشتنی ئەو هەوڵانەی زیان بە سەروەری سووریا، یەکپارچەیی خاکەکەی، پێکهاتەی یەکگرتوویی و یەکێتی سیاسییەکەی دەگەیەنن. داوا کرا هەڵوێستێکی بنچینەیی جێگیر دژی ئەو چالاکییانە وەربگیرێت کە ئامانج لێی ناسەقامگیرکردنی سووریایە.
 
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی توركیا، یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ هه‌ره‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا و تێیدا بڕیاری چاره‌نووسساز و گرنگ به‌تایبه‌تی له‌ رووی سه‌ربازیی و ئه‌منی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و چه‌ندین پرسی دیكه‌ی گرنگ ده‌خرێنه‌ به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه‌.