وەزیری گەیاندنی تورکیا: 11 فڕۆکەمان لە عێراق و ئێران گیریان خواردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل- ئێران، 11 فڕۆکەی سڤیلیان لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و ئێران گیریان خواردووە. دەشڵێت، میت و وەزارەتی دەرەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن و کار بۆ گەڕاندنەوەیان دەکەن. 
 
عەبدولقادر ئورالئۆغڵو، وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ "دیداری رێڕەوی گەیاندنی نێودەوڵەتی" کە بڕیارە لە رۆژانی 27-28-29ـی حوزەیران لە ئیستەنبووڵ بکرێت، ئەو زانیارییەی بە رۆژنامەڤانان دا، بەڵام ئاماژەی بەو فڕۆکەخانانە نەدا کە فڕۆکەکانی تورکیای لێن.
 
عەبدولقادر ئورالئۆغڵو گوتی: "حەوت فڕۆکە لە ئێران و چوار فڕۆکەشیان لە فڕۆکەخانەکانی عێراق گیریان خواردووە." 
 
وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا راشیگەیاند، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) و وەزارەتی دەرەوە لە نزیکەوە چاودێری بەردەوامی فڕۆکەکان دەکەن. لە چوارەمین رۆژی جەنگی ئیسرائیل-ئێران، تیمەکانیان لە فڕۆکەوان و کارمەندەکانی دیکەیان گەڕاندووەتە تورکیا. 
 
بە گوتەی عەبدولقادر ئورالئۆغڵو حەوت فڕۆکە سەر بە کۆمپانیای پێگاسووس، دوو فڕۆکە سەر بە کۆمپانیای تورکیش ئێیرلاینز و دوو فڕۆکەش سەر بە کۆمپانیای ئەی ژێت-ـن. 
 
وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا گوتیشی، هەر کاتێک مەترسی لە ئاسمانی عێراق و ئێران کەم ببێتەوە، فڕۆکەکانیان دەرباز دەکەن و دەیانگەڕێننەوە تورکیا. 
 
لە 13ـی حوزەیرانەوە، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دواتر تاران وەڵامی دایەوە. لە دەیەمین رۆژدا، ئەمریکاش هاتە نێو جەنگەکە و بەشێوەیەکی راستەوخۆ هێرشی کردە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ.