هاکان فیدان: ئامانجی ئیسرائیل دابەشکردنی سووریایە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ''ئامانجی ئیسرائیل، دابەشکردنی سووریایە''، بەڵام ئەوان وەک وڵاتانی ناوچەکە رێگە بەمە نادەن.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەلێکساندرا هیل تینۆکۆ، وەزیری دەرەوەی ئێل سێلڤادۆر رۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025 کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان ساز کرد و بەشێکی قسەکانیان تایبەت بوون بە دوایین پێشهاتەکانی سووریا.
فیدان رایگەیاند، ئامانجی ئیسرائیل ''دابەشکردنی سووریا''یە؛ گوتیشی، ''ئیسرائیل دەیەوێت رێگری لە هەموو ئەو هەوڵانە بکات کە لەپێناوی بەرقەرارکردنی ئاسایش، سەقامگیری و ئاشتی لە سووریا دەدرێن''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند، ''پەلکێشکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ نێو پەشێوی، لە بەرژەوەندیی نەتەنیاهوو دایە. بەڵام ئێمە وەک وڵاتانی ناوچەکە رێگە بەمە نادەین. تاوەکو دوا سنوور، رێگری لە تێکدانی یەکپارچەیی خاک و یەکێتیی سیاسیی سووریا دەکەین''.
فیدان ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە شەڕوپێکدادانەکانی سوەیدا کۆتاییان بێت و لایەنەکان پابەندی ئاگربەستەکە ببن، گوتیشی: ''کاتێک لە باشوور (سووریا) شتێک روودەدات، دەبینین پاشماوەکانی رژێمی پێشوو دەکەونە جووڵە بۆ هاندانی عەلەوییە سوورییەکانی ئەوێ کە زۆر ئازیزن. لە لایەکی دیکەشەوە، دەبینین کە یەپەگەش دەستبەجێ دەکەوێتە جووڵە. ئامانجی هەندێک وڵات ئەوەیە، سووریا بەلایەنی کەمەوە بۆ چوار پارچە دابەش بکەن''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداری دایە گرووپەکانی سووریا و گوتی، "ئەو گرژییانە وەک دەرفەتێک بۆ خۆتان مەبینن. لە یادتان بێت، کاتێک کەسێک پیلانێک دادەنێت، هیچ سوودێکی بۆ ئێوە نابێت. ئامانجتان ئەوە بێت تاکێکی خاوەن شەرەف بن لەسەر ئەو خاکەی کە هی ئێوەیە. خۆتان لەو روانگەیە بەدوور بگرن کە هەوڵبدەن ئاژاوەگێڕییەک بقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی. ئاژاوەگێڕییەک کە بە یارمەتی کەسانی دیکە لەسەر بنچینەی خوێنڕشتن هاتووەتەئاراوە''.
هاکان فیدان، هۆشداری دایە ئەو کەسانەش کە هەوڵی دابەشکردنی سووریا دەدەن و گوتی، ''با هیچ گرووپێک دەست نەداتە جموجۆڵی دابەشکاری. زۆر شتمان هەیە کە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە قسەی لەسەر بکەین. هەموو شتێک قابیلی گفتوگۆیە و لەگەڵ هەموو گرووپ و لایەنێکیشدا گفتوگۆ دەکرێت. بەڵام ئەگەر لەوە زیاتر بڕۆن و بە بەکارهێنانی تووندوتیژی هەنگاو بۆ دابەشکردن و ناسەقامگیرکردن بنێن، ئەوا ئێمە ئەمە وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆمان لێک دەدەینەوە و دەستێوەردان دەکەین''.