یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە لەبارەی لیژنەکەی پەرلەمان: شەفافانە کارەکانی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) پرۆسەی چارەسەری بە ''کاروانی پیرۆز'' ناودەبات و دەڵێت، ''کاروانەکە دەگاتە ئامانج.'' لەبارەی لیژنەکەی پەرلەمانیش ئاماژە بەوە دەکات، ''بە شێوەیەکی شەفافانە کارەکانی خۆی دەکات.''
ئەدیب سەمیح یاڵچن، یاریدەدەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، رۆژی هەینی 22ی ئابی 2025 بە میدیای پارتەکەی راگەیاند، لیژنەی (پاڵپشتی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی) ''بە شێوەیەکی شەفافانە کارەکانی خۆی دەکات. هەموو ئەندامان لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی تورکیا، بەردەوامیی یاسای برایەتیی هەزار ساڵە و دەستبەردار نەبوون لە سەروەریی نیشتمانی هاوڕان.''
یاڵچن دەڵێت، بەگوێرەی ئەو راپرسییانەی لە وڵاتەکەی دەکرێن، هاووڵاتییان ''پشتگیرییەکی زۆر'' لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری و کارەکانی لیژنە پەرلەمانییەکە دەکەن.
یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە پرۆسەکەی بە ''کاروانی پیرۆز'' ناوبرد و گوتی، ''ئەو گژوگیا ژەهراوییانەی لەبەردەمی ئەو کاروانەدان، لەلایەن گەلی سەربەرزمانەوە هەڵدەکێشرێن. کاروانی پیرۆز، بەدڵنیاییەوە دەگاتە ئامانج.''
لیژنەی (هاوپشتیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی) بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە و تاوەکو ئێستا پێنج کۆبوونەوەی کردووە.
لیژنەکە رۆژی 27ی ئەم مانگە، شەشەمین کۆبوونەوەی خۆی لە هۆڵی رێوڕەسمەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەکات.
ئەگەرچی بڕیاردراوە لیژنەکە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک کۆببێتەوە، بەڵام دەکرێ بەگوێرەی پێویست ئەو رۆژانە بگۆڕدرێن و ژمارەی کۆبوونەوەکانیش بۆ یەک رۆژ کەم بکرێنەوە.
ئەو لیژنەیە لەسەر پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکهێندرا.