کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکانی ئەنقەرە دەبێتەهۆی دەرکەوتنەوەی پرد و کەلاوەی خانووی ژمارەیەک گوند

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاستی ئاوی بەنداوەکان لە سنووری پارێزگای ئەنقەرەی تورکیا بەهۆی وشکەساڵی و کاریگەرییەکانیەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بەو هۆیەوە بەشێک لەو گوند و شوێنەوارانەی ساڵانێک بوو ژێرئاو کەوتبوون، دەرکەوتوونەتەوە.
 
وەرزی بارانبارینی رابردوو لە بەشێکی زۆری تورکیا بارانی کەم باری، لەوانەش لە پارێزگای ئەنقەرە. کاتێکیش وەرزی گەرما دەستیپێکرد، پلەی گەرما لەو پارێزگایەی تورکیا بۆ چەندین هەفتە بەرز بوو، ئەوەش کاریگەریی زیاتری لەسەر کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکانی پارێزگاکە هەبوو. بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی ئەو بەنداوانە، چەندین پرد، پاشماوەی رێگەوبان و کەلاوەی چەندین گوندی ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر دەرکەوتنەوە.
 
پاشەکشەی ئاوەکە بووەتە هۆی دەرکەوتنی قەوزە و بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆش لە کەناراوەکاندا.
 
بەگوێرەی سیستمی زانیاریی بەنداوەکان کە لە ماڵپەڕی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ئەنقەرە (ASKİ) بڵاوکراوەتەوە، لە کۆی گشتیی یەک ملیار و 585 ملیۆن و 393 هەزار مەتر سێجا کە توانای لەخۆگرتنی بەنداوەکانە، تەنیا 307 ملیۆن و 931 هەزار مەتر سێجا ئاو لەو بەنداوانەدا هەیە کە دەکاتە %19.42ی کۆی گشتی.
 
بەرپرسان هۆشداری دەدەن، ئەگەر وشکەساڵی بەردەوام بێت، دانیشتووانی پایتەختی ئەو وڵاتە رووبەڕووی قەیرانی کەمئاوی دەبنەوە، بۆیەش داوا لە هاووڵاتییان دەکەن ئاو بەفیڕۆ نەدەن.