لە وانی باکووری کوردستان و ئیزمیری تورکیا دەست بەسەر نزیکەی 293 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لە پارێزگاکانی ئیزمیر و وان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەردا گرت. لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن، لە ئیزمیر 127 کیلۆگرام و لە وانیش 165 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 22ی ئابی 2025 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سنووری شاری کۆناکی سەر بە پارێزگای ئیزمیر، هێزەکانیان هەڵیانکوتایە سەر شوێنێک کە وەک کارگەی دروستکردنی مادەی هۆشبەر بەکاردەهات.
 
یەرلیکایا ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر 127 کیلۆگرام مادەی هۆشەبەری جۆراوجۆر و 18 کیلۆگرام مادەی کیمیاییدا گیرا، کە دەکرێت لە دروستکردنی مادەی هۆشبەردا بەکاربهێندرێن؛ هەروەها سێ گومانلێکراویش دەستگیرکران.
 
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی گەڕان و پشکنین لەسەر هێڵی سنووریی پارێزگای وان، هێزەکانی پاسەوانی سنوور دەستیان بەسەر 165 کیلۆ و 984 گرام مادەی هۆشبەردا گرت.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریدا هاتووە: "یەکەکانمان لە سنوور 24 کاژێر لە چالاکییەکانیان بەردەوامن؛" ئاماژە بەوەشکراوە کە مادە دەستبەسەرداگیراوەکە رادەستی فەرماندەیی جەندرمەی قەزای باشکالەی وان کرا.