فاتیح ئەربەکان: بە هەڵەی دەزانین پەرلەمانی تورکیا ببرێتە بەردەمی عەبدوڵڵا ئۆجەلان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتیی سەرلەنوێ رەفاهـی تورکیا رەخنە لە شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەی چارەسەری و سەردانی شاندی پەرلەمان بۆ ئیمراڵی دەگرێ و دەڵێت، "ئەوەی روودەدات پرۆسە نییە، بەڵکو خۆسەپاندنە؛" ئاماژە بەوەش دەکات، بە هەڵەی دەزانن "پەرلەمانی تورکیا ببرێتە بەردەم عەبدوڵڵا ئۆجەلان."
ئەمڕۆ شەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2025، محەممەد فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی سەبارەت بە کۆمیسیۆنی پڕۆسەی چارەسەری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "وەک پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، پشتیوانی لە سیاسەتی تورکیای بێ تیرۆر دەکەین؛ دژی رەگەزپەرستین و لەگەڵ برایەتیداین."
فاتیح ئەربەکان رەخنە لە پرۆسەکە دەگرێ و دەڵێت، "ئەوەی لە ماوەی ساڵی رابردوودا بەناوی تورکیای بێ تیرۆر باسکراوە و روویداوە، پرۆسە نییە، بەڵکو خۆسەپاندنە؛ راوێژ نییە، بەڵکو ئەمری واقیعە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "قسەیەک هەبوو کە دەبوو لە کۆتاییشدا نەگوترێ، بەڵام هەر لە سەرەتاوە کرا. مافی هیوا و ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هەر لە سەرەتای پرۆسەکەوە لەلایەن بەڕێز باخچەلییەوە بەڵێنی پێدرا."
سەرۆکی سەرلەنوێ رەفاهـ، پێیوایە وردەکاری پرۆسەکە لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە ئامادەکراوە و دەڵێت، "لەرێگەی ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان پێکهێندراوە، ئامانج ئەوەیە هەموو پارتە سیاسییەکان بکرێنە هاوبەشی پرۆسەیەک کە هەر لە سەرەتاوە کۆتاییەکەی دیاربوو."
ئەربەکان سەردانی شاندی پەرلەمان بۆ ئیمراڵی رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "وەک پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، ئەو سەردانەی ئیمراڵی کە نازانین لە چ بازنەیەک و چۆن رێکخراوە، پەسند ناکەین. بە هەڵەی دەزانین پەرلەمانی تورکیا ببرێتە بەردەم عەبدوڵڵا ئۆجەلان."
ئەربەکان لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت، "سەرنج دەخەینە سەر مەترسییەکانی پشتگوێخستنی گەل لە پرۆسەیەکی وەها چارەنووسسازدا کە دەبووایە شەفاف بووایە، بەڵام بووەتە گۆڕەپانی زۆرانبازیی نێوان هاوبەشەکانی دەسەڵات و بە نهێنییەکی تەواو بەڕێوەدەچێت" و داواش لە سەرۆککۆماری تورکیا دەکات کۆبوونەوەیەکی لووتکەی بەپەلە لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکان رێکبخات.