ئەردۆغان "خۆشحاڵە" بە میوانداریکردنی لووتکەی کۆپ 31 لە تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ستایشی رێککەوتنێکی نێوان وڵاتەکەی و ئوسترالیا دەکات بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشی کۆنفرانسی ساڵی داهاتووی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (کۆپ 31).
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئەنقەرە میوانداریی لووتکەی کۆنفرانسەکە دەکات لە رۆژانی سەرەتای کۆنفرانسەکەدا دەکرێت و کانبێرا سەرپەرشتی دانوستانە فەرمییەکانی رۆژانی دواتر دەکات.
ئەردۆغان لە گوتارێکدا بۆ سەرکردەکانی G20 لە جۆهانسبێرگ رایگەیاند: "خۆشحاڵین تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوو لە تورکیا میوانداریی کۆپ 31 دەکەین." ئەمەش دوای ئەوە هات چەند کاژێرێک پێشتر رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان هەردوو وڵات کرا، کە کۆتایی بە کێبڕکێیەکی تووند هێنا لەسەر میوانداریکردنی بۆنەکە.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک، بڕیارە ئەم رێککەوتنە لە لووتکەی کۆپ 30 لە بەرازیل بە کۆدەنگی پەسەند بکرێت.
ئەردۆغان گوتیشی: "باوەڕم وایە ئەو کۆدەنگییەی لەگەڵ ئوسترالیا دروستمان کردووە، گرنگییەکی زۆری هەیە."
هەردوو وڵات هەوڵیان دەدا میوانداریی کۆپ 31 لە تشرینی دووەمی 2026 بکەن و هیچ کامیان سازشی نەدەکرد، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی کێبڕکێیەکی دەگمەن لەسەر دانوستاندنەکانی کەشوهەوا. ئەگەرچی ئوسترالیا پاڵپشتیی زیاتری هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەپێی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت بڕیارەکە بە کۆدەنگی بێت، دۆخەکە گەیشتبووە بنبەست.
بەگوێرەی رێککەوتنە نوێیەکە، تورکیا لە شاری گەشتیاریی ئەنتاڵیا میوانداریی لووتکە دوو هەفتەییەکە دەکات و سەرۆکایەتیی فەرمیی کۆپ 31ـی لادەبێت، لە بەرامبەردا ئوسترالیا وەک جێگری سەرۆک کار دەکات و سەرۆکایەتیی دانووستانەکان دەکات.
هەروەها کۆبوونەوەکانی "پێش کۆپ" کە راوێژی تەکنیکین و مانگێک پێش لووتکەکە دەکرێن، لە یەکێک لە وڵاتانی دوورگەکانی زەریای هێمن بەڕێوەدەچن، ئەمەش وەکو رەچاوکردنی خواستی سەرەتایی ئوسترالیا بۆ میوانداریکردنی هاوبەش لەگەڵ دراوسێکانی.