تورکیا: دەبێت لە کاتی گواستنەوەی چەکدارانی داعش بۆ عێراق ئاگربەست لە سووریا بەردەوام بێ


رووداو دیجیتاڵ

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، پێویستە ئاگربەستی ئێستای حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە کاتی گواستنەوەی زیندانییانی داعش بۆ عێراق بەردەوام بێ و دەڵێت، ئەمە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییە ئەمنییەکان گرنگە.
 
فیدان لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، ئاگربەستی نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پێویستییەکی هەنووکەییە بۆ رێگری لە دروستبوونی ناسەقامگیری لە کاتی پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییەکاندا.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوامیی ئاگربەستەکە رێگە لە تێکچوونی زیاتری دۆخی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەگرێ.
 
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیش لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نێو هەسەدەوە بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێ ئەو ئاگربەستە چوار رۆژەی کە سبەی شەممە کۆتایی دێت، درێژ بکرێتەوە. 
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئێستا ئەمریکا دەستگیرکراوانی داعش لە سووریاوە دەگوازێتەوە بۆ عێراق و گوتی، ئەگەری هەیە بەهۆی ئەم پرۆسەیەوە ئاگربەستی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی شام درێژبکرێتەوە.
 
فیدان باسی ئاگربەستە چوار رۆژییەکەی کرد و گوتی: "ئێستا دەستگیرکراوانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق دەگوازرێنەوە و لە دۆخێکدا کە ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەچێت، دەکرێ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بۆ ماوەیەکی دیکە بێتەوە رۆژەڤ."
 
هاکان فیدان ئاماژەی بە گفتوگۆکانی تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و سووریاش کرد و گوتی: "تۆم باراک ئەمڕۆ لە سووریا بوو و دوێنێش لە هەولێر. ئەمڕۆش ئێمە لە پەیوەندیدا بووین. لە ئەنجامی دیدارەکانی ئەمڕۆی ئەویشدا وێنەیەک روونبووەوە. کۆمەڵێک دیدار و هەڵسەنگاندنی دووقۆڵی هەیە. دۆخێکی هەستیار لە گۆڕەپانەکە هەیە. چونکە ئێستا ئامادەیی ئەمریکا و زیندانییەکانی داعش هەن. لە کاتێکدا کە ئەمانە هەن، ململانێکان لەنێو هەسەدە ئاڵۆزتر دەبن."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند کە داواکاری هەیە تاوەکو تەواوبوونی گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش ئاگربەست درێژبکرێتەوە و گوتی: "هەڵبەت خاڵی ئەرێنی و نەرێنیی ئەم داواکارییەش هەن. بەڵام شتە باشەکە ئەوەیە کە دەستگیرکراوانی داعش لە سووریاوە بگوازرێنەوە. لە کاتێکدا ئەمە ئەنجامدەدرێ، دەبێت دۆخی بێ شەڕ و رووبەڕووبوونەوە بەردەوام بێت. بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێ ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک رووبەڕووبوونەوە روونەدات. ئێمە دەڵێین با هەردوولا بێن و لە ئاشتیدا کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن. من لە سەرەتاوەش جەخت لەوە دەکەمەوە؛ با گفتوگۆ بکەن و چارەسەری کێشەکان بکەن."
 
هاکان فیدان لەبارەی هێرشی هۆزە عەرەبەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەش گوتی، ئەمە بۆ ئەوان شتێکی چاوەڕواننەکراو نەبووە و گوتی: "ئێمە ساڵانێکی خوێندنەوە بۆ دۆخی ئەو ناوچانە دەکەین کە دانیشتووانیان عەرەبن و یەپەگەی لێیە. ئاگاداری ئەوە بووین کە هۆزەکان چۆن و کەی دەستپێدەکەن. مەزڵووم عەبدی تەنیا پەیام دەبات و دەهێنێت و ئەو فەرمانانەی پێی دەدرێن جێبەجێیان دەکات. ئەو بە تەواوی بە قەندیلەوە بەستراوەتەوە. کەجەکە بە یەپەگە بڵێت بچنە نێو سیاسەت، ئەوان دەچنە نێوی."
 
فیدان هەروەها گوتی: "دەبێت پەکەکەییە ناسووریاییەکان لە ناوچەکە بچنە دەرەوە. هەبوونی پەکەکە لە شنگال نابێت بەردەوام بێت. پێویستە رێکخراوەکە پێش ئەوەی رووبەڕووی لەنێوچوون ببێتەوە، خۆی بگۆڕێ."