ئۆجەلان سڵاوی بۆ گوڵەن هەیە
رووداو- ئەنقەرە
پەرلەمانتارێکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی BDP راگەیاند "ئۆجەلان سڵاوی بۆ فەتحوڵڵا گولەن هەیە".
سیری سوڕەییا ئوندەر، نوێنەری شاری ئەستەمبۆڵی BDP، کە ئەندامی شاندی دووەم و سێیەمی BDP بوو بۆ ئیمڕالی رایگەیاند "عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەرێگەی شاندەکەوە سڵاوی خۆی بۆ گوڵەن نارد".
سیری سورەییا ئوندەر بە رۆژنامەی حورییەتی رایگەیاندووە "ئۆجەلان دەڵێ سڵاوم بۆ فەتحوڵڵا گوڵەن هەیە و ئێمە دەتوانین پێکەوە خەبات بۆ ئاشتی و دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین".
فەتحوڵڵا گولەن لە وەڵامی پەیامەکەی ئۆجەلان رایگەیاندووە "لە گفتوگۆ خێر هەیە".
فەتحوڵڵا گولەن زانایەکی ناوداری جیهانی ئیسلامییە و لە ساڵی 1949 لە ئەرزروم لەدایکبووە و پێداگری لەسەر "ئیسلامی ئاناتۆلی" دەکات کە بە گوتەی خۆی ئەو ئیسلامە لەسەر ئامۆژگارییەکانی شێخ سەعید نورسی دامەزراوە.
لایەنگرانی فەتحوڵڵا گولەن بە جەماعەتی گولەن ناسراون، کە لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە خوێندنگای تایبەتیان کردووەتەوە.
سەرۆکی جەماعەتی گولەن لە تورکیا دورخراوەتەوە و ئێستا لە ئەمریکا دەژی.