دەم پارتی داوای "مۆرکردنی ئاشتی" لە ئەردۆغان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە گوتارێکدا لە پەرلەمانی تورکیا داوا لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات پڕۆسەی ئاشتی یەکلایی بکاتەوە و دەڵێت: "ئاشتی ئێستا چاوەڕێی مۆرکردنە."
 
تونجەر بەکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەماندا باسی "گرنگیی چارەنووسی هاوبەشی کورد و تورک"ی کرد و گوتی: "گەورەترین هێزی تورکیا لە چارەنووسی هاوبەشی تورک و کورد دایە. مێژوو وای کردووە کە تورک و کورد پێکەوە لە جوگرافیا و چارەنووسێکی هاوبەشدا بژین. دەتوانین داهاتوویەکی هاوبەش بنیات بنێین، نەک لە رێگەی رکابەریی سیاسی، بەڵکو لە رێگەی خاڵە هاوبەشەکانمانەوە. ئەگەر ئەم پەیوەندییانە بەهێز بن، تورکیا بەهێز دەبێت و 86 ملیۆن کەس سوودی لێ وەردەگرن."
 
سەبارەت بە پرسی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هەنگاوەکانی پڕۆسەی چارەسەری، باکرهان رایگەیاند: "بڕیاری پەکەکە بۆ دانانی چەکەکانی گەورەترین پێشهاتە لە تورکیا. گرووپێکی چەکدار بە ویستی خۆی چەک دابنێت، نیشانەیەکی دەگمەنی پێگەیشتنە. ئەمە دەرەنجامی باوەڕبوونە بە سیاسەتی دیموکراسی. ئەوانەی لە بەهای ئەم بڕیارە کەم دەکەنەوە، ئەوە لە بەهای ئاشتی کەم دەکەنەوە."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، ئاشتی بە شێوەی تاکلایەنە بەدەست نایەت و وەک پلیکانەیەک وایە کە بە هەنگاوی هاوبەش دروست دەکرێت. گوتیشی: "بێگومان هەنگاو هەن کە دەبێت لە لایەن حکومەت، سیاسەت، کۆمەڵگە و رێکخراوەکەوە بنرێن. هیچ کاممان لەم بەرپرسیارێتییە بەدەر نین. لەم قۆناخەدا پێویستمان بە ویستێکە کە رێگە خۆش بکات، نەک رێگری بکات. پێویستمان بە متمانەیە، نەک گومان."
 
باکرهان لە گوتارەکەیدا سوپاسی سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرجەم سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی تورکیای کرد کە هەوڵ بۆ سەرخستنی ئاشتی دەدەن.
بەکرهان داوای لە سەرۆککۆماری تورکیا کرد و گوتی: "بەڕێز سەرۆک، ئاشتی ئێستا چاوەڕێی مۆرکردنە. ئەرکەکە لەسەر شانی ئێوەیە و مۆرەکە لە دەستی ئێوەدایە. نزای دایکان بۆ ئاشتی تەواو بکەن، تکایە بەردەوام بن، چونکە گەل ئامادەیە."