دەم پارتی: تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی نوێیە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، بۆ لابردنی گومانەکان لەسەر پرۆسەی چارەسەری، دەبێت لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت؛ باس لەوەش دەکات، ''تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی نوێیە''.
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی رۆژی هەینی، 23ی ئایاری 2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای پارتەکەی لە ئەنقەرە رایگەیاند، بۆ لابردنی گومانەکان لەسەر پرۆسەی چارەسەری، پێویستە لیژنەیەک لە پەرلەمان پێکبهێندرێت؛ بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە کرد دەستپێشخەری بکات.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی 19ی ئایاری 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: ''دوای خۆهەڵوەشاندەوە و چەکدانانی پەکەکە بەکرداری''، کار بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لە پەرلەمان دەکرێت.
گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێت، نابێت وەک ''بەرژەوەندییەکی سیاسی'' سەیری پرۆسەی چارەسەری بکرێت؛ باسی لەوەش کرد: ''دەبێت هەموو پارتە سیاسییەکانی تورکیا لەبارەی پرۆسەکە هەنگاوی یەکلاییکەرەوە بنێن. هەروەها پێویستە پارتەکان زمانێکی نوێ بەکاربهێنن و بە تێڕوانینێکی دیکەوە لە بابەتەکە بڕوانن، ئەوەش لەپێناو گۆڕانکاری''.
گوتەبێژی دەم پارتی گوتی، پارتەکەیان هەموو هەوڵێک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەدات و بە پارتەکانی تورکیاشی گوت: ''وەرن شانبەشانی یەکدی، هەوڵ بۆ بنیادنانی تورکیایەک بدەین کە تێیدا چەک بێدەنگ بێت و سیاسەتی دیموکراسی بەرقەرار بێت''.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە 27ی شوباتی ئەم ساڵ، داوای لە حیزبەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
دۆغان گوتی، تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی نوێیە؛ ئەوەشی خستەڕوو کە ''نابێت مشتومڕی دەستووری نوێ، تێکەڵ بە بەرژەوەندیی سیاسی بکرێت؛ پێویستمان بە دەستوورێکی نوێی دیموکراسی و ئازادیخوازانەیە کە لە سایەیدا هەمووان هەست بە سەلامەتی بکەن''.
ئەو گوتەیەی دۆغان لە کاتێکدایە، مەهەپە و ئاکپارتی کە هاوپەیمانی یەکدین، داوای گۆڕینی دەستووری وڵاتەکە دەکەن.
دەستووری ئێستای تورکیا لە ساڵی 1982 دوای کودەتا سەربازییەکەی 12ـی ئەیلوولی 1980 هەموارکراوەتەوە.