ئۆزەل بووە سەرۆک فراکسیۆنی جەهەپە و ساڵی داهاتووش کۆنگرە سازدەکرێ


رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنی پەرلەمانیی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە) لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و داخراودا لە بارەگای سەرەکیی حیزبەکە، ئۆزگور ئۆزەلی وەک سەرۆکی نوێی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی تورکیا هەڵبژارد. ئەم هەنگاوە دوای بڕیارەکەی دادگە دێت بۆ دوورخستنەوەی ئۆزێل لە پۆستی سەرۆکایەتیی گشتیی پارتەکە. بەرەی کەمال کلچدارئۆغلوش دەڵین ئەو دۆخەی جەهەپە وا نامێنێت و سەرەتای ساڵی داهاتوو کۆنگرەی گشتی بەڕێوەدەچێت.
 
بارەگای سەرەکی جەهەپە لەئەنقەرە جموجوولێکی قەرەباڵخی پێوە دیارە.  زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نائاسایی لەنێو بارەگای جەهەپە دەستیان پێکردووە. لەم چوارچێوەیەدا فراکسیۆنی پەرلەمانیی حیزبەکە کۆبووەوە. بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لەنێو پەرلەماندا بپارێزێ، ئۆزەل خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی فراکسیۆن بەربژێر کرد و لە دەنگدانێکی داخراودا پۆستەکەی بەدەستهێنا.
 
لەو بارەیەوە فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمان رایگەیاند، ئۆزەل بە فەرمی سەرۆکی فراکسیۆنە. لە بڵاوکراوەکە دا هاتووە: "فراکسیۆنی پەرلەمانیی جەهەپە کۆبووەوە. لەم دەنگدانەدا ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە خۆی بۆ سەرۆکایەتیی فراکسیۆنی پەرلەمان بەربژێر کرد و بە کۆی دەنگ وەک سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمان هەڵبژێردرا."
 
لەلایەکی دیکەوە گورسێل تەکین، پەرلەمانتاری پێشووی جەهەپە لە ئەستەنبووڵ و کەسایەتیی نزیک لە کەمال کڵچدارئۆغڵو لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە یاساییە، پڕۆسەی ئامادەکاری بۆ سازکردنی کۆنگرەیەکی نائاسایی لە چەند رۆژی داهاتوودا بە فەرمی دەستپێدەکات. 
 
تەکین ئاماژەی بەوەش کرد، ناهێڵن کێشەی دووجەمسەری لەنێو پارتەکەدا درێژە بکێشێت و بە زووترین کات رەوایەتی بۆ جەهەپە دەگەڕێننەوە.
 
لەبارەی کۆنگرەی داهاتووی حیزبەکە، گورسەل تەکین گوتی: "دەبێت بە خێرایی پارتەکەمان رێکبخەینەوە و بیگەڕێنینەوە سەر رێگە راستەقینە رەواکەی خۆی. ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی کۆنگرەی گەورەی هەڵبژاردنی جەهەپە 7 مانگی دیکە بەڕێوە بچێت."
 
رۆژی 22ی ئایاری 2026، فەرمانگەی 36ـەمی یاسایی لە دادگەی هەرێمیی ئەنقەرە، کۆنگرەی 38ـی جەهەپە کە لە تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەچووبوو، پووچەڵ کردەوە و  بریاری دا کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە و دەستەی کارگێری کۆن بگەڕێنێتەوە سەرۆکایەتی پارتەکە.