باخچەلی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: پڕۆژەیەکە بۆ برایەتی و بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەڵێ، کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و پەکەکە بەشێکە لە سیاسەتی باڵای دەوڵەت بۆ گۆڕانکارییەکانی سەردەم و هێنانەدیی ئاشتی.
ئەمڕۆ شەممە 23ی ئایاری 2026 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە کاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دابەشکردنی بڕوانامەی خولی 23ی (قوتابخانەی سیاسەت و سەرکردایەتی) لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی لە ئەنقەرە، گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر پێشهاتە سیاسی و ناوچەیییەکان.
باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد کە پێگەی جوگرافیی تورکیا بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەخاتە سەر شانیان و پێویستە ژیرانە چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە.
باخچەلی تیشکی خستە سەر پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد کە بەرپرسانی تورکیا بە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر ناوی دەبەن و گوتی: "تورکیای بێ تیرۆر پڕۆژەیەکی برایەتی و بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە بۆ بەدیهێنانی ئارامی. ئەم پرۆسەیە سیاسەتێکی دەوڵەتە بۆ خوێندنەوەی سەردەم لە بەرامبەر ململانێ ناوچەیییەکاندا."
سەرۆکی مەهەپە تیشکی خستە سەر ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن "دوای ئێران، نۆرەی تورکیایە" و رایگەیاند، ئەم بانگەشانە جگە لەوەی قسەی بێ بنەما و پووچن، رێگە نادەن هیچ هێزێک زیان بە دەوڵەت و گەلی تورکیا بگەیەنێت.
پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە یەک ساڵ و نیوی رابردوودا لە تورکیادا بەردەوام گفتوگۆی لەسەر کراوە.
لێدوانی ئەمڕۆی باخچەلی هاوکاتە لەگەڵ تووندبوونی قەیرانی نێوخۆیی ئۆپۆزسیۆن دوای ئەوەی دادگە کۆنگرەی 38ـی جەهەپەی هەڵوەشاندەوە و دەم پارتیش هۆشداری دا لەوەی کە نابێت قەیرانە یاساییەکانی جەهەپە کاریگەری بخاتە سەر پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی لە وڵاتدا.