پارتێکی تورکیا خۆی هەڵوەشاندەوە و چووە نێو ریزەکانی جەهەپە
رووداو – هەولێر
پارتی گۆڕانی تورکیا (TDP) هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند و چووە نێو ریزەکانی پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە.
ئەمڕۆ هەینی، 23ی حوزەیرانی 2023، پارتی گۆڕانی تورکیا (TDP) لە ئەنقەرە کۆنگرەیەکی نائاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی رێکخست و مستەفا ساریگول، سەرۆکی پارتەکە رایگەیاند، پارتی گۆڕانی تورکیا دەچێتە نێو جەهەپەوە.
لە گوتاری کۆتایی کۆنگرەکەدا، مستەفا ساریگول رایگەیاند، "لەمەودوا وەک ئەندامێکی جەهەپە درێژە بە چالاکیی سیاسیم دەدەم و لەگەڵ هاوکارەکانم لە پارتی گۆڕانی تورکیا لەژێر چەتری جەهەپە کاردەکەین و خۆمان بۆ کۆنگرەی داهاتووی جەهەپە ئامادە دەکەین". راشیگەیاند، لەنێو ریزەکانی جەهەپەدا پشتیوانی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو دەکەن.
رۆژی 12ی حوزەیران مستەفا ساریگول رایگەیاند، پارتەکەی لە کۆنگرەیەکی نائاساییدا خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و تەواوی رێکخستنەکانی دەچنە نێو ریزەکانی جەهەپە.
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتی گۆڕانی تورکیا (TDP) دوای ئەوە هات، رۆژی 8ی حوزەیرانی 2023، ئەنجوومەنی ناوەندیی پارتەکە بەکۆی دەنگ پێشنیازی سەرۆکەکەیان بۆ هەڵوەشاندنەوە و پەیوەندیکردن بە جەهەپەوە پەسندکرد.
هەرچەندە لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی رابردووەوە ناکۆکی لەنێوان بەشێک لە بەرپرسانی جەهەپە دروستبووە و بەشێک لە سەرکردایەتی و سەرۆکی لقی رێکخستنەکان و جەماوەری ئەو پارتە داوای دەستلەکارکێشانەوەی کڵچدارئۆغڵو دەکەن، بەڵام مستەفا ساریگول دەڵێت، بڕیاریانداوە بەردەوام بن لە پاڵپشتیکردنی کەمال کڵچدارئۆغڵو.
مستەفا ساریگول ساڵی 1956 لە پارێزگای ئەرزینجانی باکووری کوردستان لەدایکبووە؛ لە نێوان ساڵانی 1999-2014 سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی شیشلی ئیستەنبووڵ بوو؛ رۆژی 17ی کانوونی یەکەمی 2020 پارتی گۆڕانی تورکیای دامەزراند و بەپێی داتا فەرمییەکانی ئەنجوومەنی دادوەری تورکیا، پارتەکە 50 هەزار و 51 ئەندامی هەیە.
ساریگول لە هەڵبژاردنی خولی 28ـی پەرلەمانی تورکیادا، کە رۆژی 14ـی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، لەسەر لیستی جەهەپە لە بازنەی ئەرزینجانی باکووری کوردستان خۆی بەربژێر کرد و بووە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا.