سەزایی تەمەللی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: نابێت هەموو ئەرکەکان بخرێنە ئەستۆی دەم پارتی
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی دەڵێت، نابێت هەموو ئەرکەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەر بە تەنیا بخرێنە ئەستۆی پارتەکەی. ئاماژە بەوەش دەکات، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن.
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، نابێت هەموو ئەرکەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بە تەنیا بخرێنە ئەستۆی پارتەکەی. راشیگەیاند، سەرخستنی پرۆسەکە پێویستی بە هەوڵ و پاڵپشتیی هەموو پارتە سیاسییەکانە.
تەمەللی ئاماژەی بەوە کرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی پرۆسەی چارەسەری بەڕێوەدەچێت. گوتیشی، "پارتە خاوەن فراکسیۆنەکان و نوێنەری 6 پارتی دیکەش بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەن. چاوەڕوان دەکەین لەسەر ناوێک بۆ لیژنەکە رێکبکەون و کارنامەی لیژنەکە دیاری بکرێت."
تەمەللی لەمبارەیەوە گوتی، پێویستە لیژنەکە کار لە چارەنووسی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکات و هەنگاوی یاسایی لەبارەیانەوە بنێت.
بە گوتەی بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندی ئیمراڵیی پارتەکە سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەکەن، "دوای سەردانی شاندەکە، ئێمەش دەمانەوێت لەگەڵ هەردوو هاوسەرۆک و شاندێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەمان، سەردانی ئیمراڵی بکەین."