هەدەپە هاوپەیمانی لەگەڵ شەش لایەنی دیکەی سیاسی بە فەرمی رادەگەیێنێت


رووداو - هەولێر 

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ شەممە دامەزراندنی "هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان" بەشێوەیەکی فەرمی لە لایەن هەدەپە و شەش لایەنی دیکەی سیاسی لە ئیستەنبووڵ رابگەیێندرێت. 
 
ئاهەنگی راگەیاندنی هاوپەیمانییەکە و بڵاوکردنەوەی نەخشەڕێگەی سیاسیی کارکردنی هاوبەشیان، کاژێر 15:30ی رۆژی 24ی ئەیلوولی 2022 لە هۆڵی کۆنگرەکانی هالیچ لە ئیستەنبووڵ بە بەشداربوونی سەدان کەس بەڕێوەدەچێت.
 
رۆژی 16ی ئەیلوولی 2022، میدحەت سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لە ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستانەوە هەواڵی راگەیاندنی هاوپەیمانییەکە و بڵاوکردنەوەی نەخشەڕێگەی سیاسیی ئەو هاوپەیمانێتییەی ئاشکراکرد.
 
میدحەت سانجار رۆژی 16ی ئەیلوول لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەی لە شارۆچکەی کاراچۆبان سەر بە پارێزگای ئەرزەڕۆم لە باکووری کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: "ناتوانین بەتەنیا رووبەڕووی ستەمی دەسەڵات و ئەو رژێمە ببینەوە کە دەسەڵات بنەماکانی داڕشتووە و دژایەتیی هەمووانی پێدەکات، بۆیە لایەنە دیموکراسیخوازەکانمان بانگهێشکرد بۆ دامەزراندنی ئەم هاوپەیمانییە". 
 
میدحەت سانجار راشیگەیاند: "دوای هەوڵێکی زۆر و کۆبوونەوە و دانوستاندنی بەردەوام، دواجار توانیمان لەگەڵ شەش لایەنی سیاسیی هاوپەیمانیی 'رەنج و ئازادی' پێکبهێنین. ئەم هاوپەیمانییە دەبێتە هەوێنی لەنێوبردنی دەسەڵات و گەڕاندنەوەی شکۆی دیموکراسییەت و ئازادی بۆ یەکە بە یەکەی تاکی ئەم وڵاتە". 
 
هاوسەرۆکی هەدەپە گوتیشی، حیزبەکەی بە پێکهێنانی هاوپەیمانیی "رەنج و ئازادی"یەوە ناوەستێت، بەڵکو هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ ئەوەی بازنەی هاوپەیمانییەکان فراوانتر بکات و لێکتێگەیشتن لەگەڵ هاوپەیمانییەکان و حیزبە سیاسییەکانی دیکەش بکات. 
 
ئەو پارتانەی لەگەڵ هەدەپە لە هاوپەیمانێتییەکەدان بریتین لە؛ پارتی کرێکاری تورکیا (TİP)، پارتی رەنجدەران (EMEP)، پارتی ئازادی کۆمەڵگە (TÖP)، پارتی بزووتنەوەی رەنجدەران (EHP)، فیدراسیۆنی ئەنجوومەنی سۆسیالیزم (SMF) و رێکخراوی ماڵی خەڵک (HEV).