ئەردۆغان داوای سوێد بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا واژۆی لەسەر یاداشتنامەی ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ کرد و رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد بۆ پەسندکردنی.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2023، بەواژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، یاداشتنامەی ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیاش، ئەمڕۆ یاداشتنامەکە رادەستی هەردوو لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکان و ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان دەکات. ئەگەر پرۆسەکە بە زۆرینەی دەنگی 18 ئەندامی هەردوو لیژنەکە پەسند بکرێت، دووبارە دەگەڕێندرێتەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لەوێ دەخرێتە بەرنامەی کار و رۆژێکی بۆ دیاری دەکرێت بۆ دەنگدان لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان. لە ئەگەری پەسندکردنیدا، سوێد بە فەرمی دەبێتە ئەندامێکی نوێی ناتۆ.
رۆژی 12ـی ئایاری 2022، بەهۆی هەڕەشەی ئەمنیی سەر ئاسایشیان و دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێش بە هاوپەیمانیی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکە، بەڵام هەردوو وڵات لەلایەن تورکیاوە رێگرییان لێکرا.
رۆژی 28ی حوزەیرانی 2022، کۆبوونەوەی چوار قۆڵی نێوان ههریهك له رەجەب تەیب ئەردۆغان سهرۆکكۆماری توركیا، ساولی نینیستۆ، سهرۆکكۆماری فینلاند، ماگدالینا ئاندرسۆن، سهرۆكوهزیرانی سوێد و یانس ستۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتیی ناتۆ، لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا لە چوارچێوەی لووتکەی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ناتۆ کرا، لەم کۆبوونەوەیەدا تورکیا رەزامەندیی سەرەتایی نیشاندا بۆ بە ئەندامبوونی سوێد و فینلاند لە ناتۆ.
رۆژی 17ی ئاداری 2023، ئەردۆغان بەتەنیا رەزامەندی بۆ بەئەندامبوونی فینلاند دەربڕی و رایگەیاند، فینلاند مەرج و داواکارییەکانی تورکیای جێبەجێکردووە و نیگەرانییە ئەمنییەکانمانی لەبەرچاو گرتووە، بەڵام سوێد ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە، هەر بۆیە بەتەنیا مامەڵە لەگەڵ پرسی ئەندامبوونی فینلاند دەکەین.
رۆژی 18ـی ئادار، بەواژۆی ئەردۆغان، یاداشتنامەی ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا، رۆژی 30ـی ئادار، ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی ئەم وڵاتە یاداشتنامەی پەسندکرد و رۆژی 2ـی نیسان بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوکرایەوە.
دوای ئەوەی یاسای نوێی دژەتیرۆری سوێد لە 1ی حوزەیرانی 2023 خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ یەکەمجار لە وڵاتەکەدا کەسێک تۆمەتبار کرا بە کۆکردنەوەی باج بۆ هاوکاریکردنی پەکەکە، کە ئەنقەرە وەکو هەنگاوێکی ئەرێنی پێشوازیی لێکرد. ئەردۆغانیش گوتی: "پڕۆسەکە راستەوخۆ پەیوەستە بەو هەنگاوە کردارییانەی سوێد دەیانگرێتەبەر. ناوی 120 تیرۆریست پێیاندراوە، گوتمان 'ئەوانەمان رادەست بکەن'. تا تیرۆریستان رادهست نهكهنهوه، ناتوانین ههڵوێستى ئهرێنى بهرامبهر سوێد بنوێنین".
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی بەناوى سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند. ئەم کردەوەیە کاردانەوەی زۆر توندی لەلایەن جیهانی ئیسلامی لێکەوتەوە. چەندبارە بوونەوەی رووداوی سووتاندنی قورئان لە سوێد، پرۆسەی ئەندامبوونی سەختتر کردەوە.
رۆژی 6ی تەممووزی 2023، پێنجەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی تورکیا، سوێد و ناتۆ لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسل بەڕێوەچوو، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا سەرۆکایەتیی شاندی تورکیای کرد و دوای کۆبوونەوەکەش هاکان فیدان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بە راشکاوی گوتی: "ئەو وڵاتانەی ئارەزووی ئەندامبوون لە ناتۆ دەکەن، مەرجە هەڵوێستێکی پتهویان هەبێت له بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا".
هاکان فیدان وێڕای ئاماژەدان بەوەی ئەندامان و لایەنگرانی پەکەکە لە سوێد بەردەوامن لە چالاکییەکانیان، رایگەیاند: "ئەگەر رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک پەکەکە و فەتۆ و پێکهاتەکانی پەیوەندیدار بەمانە بتوانن لە شەقامەکانی سوێددا خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، ئەندام بۆ خۆیان پەیدا بکەن و دەستیان بگات بە سەرچاوەی دارایی، ئەوا ههمواركردنهوهی یاساكان لەو وڵاتەدا بەلای تورکیاوە هیچ واتایەکی نییە".
رۆژی 7ـی تەممووز، سەرۆککۆماری تورکیا، باسی لە پرسی ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆدا کرد و گوتی: "تورکیا چۆن دەتوانێت متمانە بە وڵاتێک بکات تیرۆریستان لە شەقامەکانیدا هاتوچۆ بکەن. دەوڵەتێک کە خۆی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دوور نەخاتەوە، چۆن دەتوانێت سوودی بۆ ناتۆ هەبێت؟".
لە کۆبوونەوەکانی مانگی ئابی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ، رەجەب تەیب ئەردۆغان رەزامەندیدا بۆ ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ بەمەرجی پەسندکردنی پەرلەمان و رایگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمدا وەرزی نوێی پەرلەمان دەستپێدەکات و ئەوانیش دۆسیەکە دەنێرنە ئەوێ، ئەگەر پەرلەمان قبووڵی بکات، ئێمەش لاریمان نابێت.
هاوپەیمانیی ناتۆ لە 31 وڵاتی ئەندام پێکدێت، بەگوێرەی بڕگەی 5ی پەیماننامەی ناتۆ، کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە؛ هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرش بۆسەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکان وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.