وەزارەتی بازرگانیی تورکیا: لەمەودوا کاڵاکانمان دەگەنە تەواوی سووریا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا دەڵێت، لەمەودوا کاڵاکانیان دەگەنە تەواوی ناوچەکانی سووریا. ئاماژە بەوەش دەکات، کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی وەبەرهێنانی زیاتر لە سووریادا دەکەن.
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا، رۆژی هەینی 24ی کانوونی دووەمی 2025، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی لەبارەی پەیوەندیی بازرگانیی وڵاتەکەی لەگەڵ سووریا بڵاوکردەوە.
شاندێکی بازرگانیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی مستەفا توزجو، یاریدەدەری وەزیری بازرگانیی وڵاتەکە، رۆژی پێنجشەممە 23ی کانوونی دووەمی 2025، سەردانی دیمەشقی پایتەختی سووریای کرد و لەگەڵ ماهیر خەلیل حەسەن، وەزیری بازرگانی و پاراستنی بەکاربەر؛ ئەحمەد دخان، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی سووریا و قوتەیبە بەدەوی، سەرۆکی دەستەی سنوورە ئاوی و وشکانییەکانی سووریا کۆبووەوە.
وەزارەتەکە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بابەتەکانی پەیوەست بە گومرگ و هەنگاوەکانی پەیوەست بە پەیوەندیی نوێی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێکرا و باسی لەوەش کردووە، "سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندیی بازرگانیی سووریا و تورکیا دەستیپێکردووە. ئیدی کاڵا تورکییەکان دەگەنە هەموو خاک و گەلی سووریا."
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر دەستکردنەوە بە گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتننامەی بازرگانیی سەربەخۆی تورکیا-سووریا، کە لە ساڵی 2011وە راگیرابوو."
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، هەردوولا بڕیاریان داوە لە بازرگانیی بەرهەمە کشتوکاڵی و بازرگانییەکاندا هاوئاهەنگی بکەن و راشیگەیاند، "سووریا ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمپانیا تورکییەکان رۆڵی یەکلاییکەرەوەیان لە بنیادنانەوەی سووریا دەبێت و لە بووژاندنەوەی پیشەسازیی سووریادا رۆڵی پێشەنگانە دەگێڕن."
وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، "لەگەڵ حکومەتی سووریا هاوئاهەنگی دەکرێت بۆئەوەی کۆمپانیا تورکییەکان کە تاوەکو ئێستا لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی سووریادا خزمەتیان کردووە، بتوانن لە تەواوی وڵاتەکە چالاکییان هەبێت و هەڵسەنگاندن بۆ رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان بکەن."