لە کەیسی کۆبانێ 1200 پارێزەر بەرگری لە هەدەپە دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

بەمەبەستی ئامادەبوون و چاودێریکردنی یەکەم دانیشتنی دادگە لە کەیسی رووداوەکانی کۆبانێ، 11 شاندی بیانی سەردانی ئەنقەرە دەکەن، هەزار و 200 پارێزەریش بەرگری لە هەدەپە دەکەن. 
 
دوای تێپەڕبوونی 6 ساڵ بەسەر کەیسی رووداوەکانی کۆبانێ کە لە رۆژانی  6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 روویدا، یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو کەیسە رۆژی 26ی نیسانی ئەمساڵ لە گرتووخانەی سینجان لەلایەن 22 یەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرەوە بەڕێوەدەچێت. 
 
لە کەیسی رووداوەکانی کۆبانێدا کە وەک پاساوێکی سەرەکی بۆ داخستنی هەدەپە ئاماژەی پێدەکرێ، 108 ئەندام و بەرپرس و پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە دادگایی دەکرێن، لەوانە 28 کەسیان ئێستا لە زینداندان و هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپەی لەو کەسانەن.  
 
رۆژی دادگاییکردنەکە 11 شاندی بیانی وەک چاودێر ئامادەی دانیشتنەکە دەبن کە پێکهاتوون لە، "پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێد، پارتی دیموکراسی ئیتالیا، پارتی هاوئاهەنگی ناوچەکان و گەلانی فەرەنسا، بلۆکی نیشتمانی گالیچیا، پارتی  MeRA25 ی یۆنان، پارتی چەپی پۆڵەندا، پارتی چەپی فەرەنسا، پارتی چەپی کۆماریی کەتەلۆنیا، پارتی یەکێتی گەلی کەتەلۆنیا، پارتی باسکی یەکگرتوو". 
 
بۆ بەرگریکردن لە هەدەپە، هەزار و 200 پارێزەر بەڵگەنامەی پێدانی مۆڵەتیان پێشکێشی دادگا کردووە. ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی سەندیکای پارێزەران، رێکخراوی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە شارە جیاوازەکانی تورکیا و باکووری کوردستانەوە وەک چاودێر لە دانیشتنەکەی دادگەدا ئامادە دەبن. 
 
لە رۆژی یەکەمدا، هاوسەرۆکانی هەدەپە و فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا، لە رۆژانی دواتریشدا بەشێکی زۆر لە ئەندامانی فراکسیۆنی هەدەپە ئامادەی دانیشتنەکە دەبن. هەدەپە لە ئەنقەرە و پارێزگاکانی دەوروبەی ژمارەیەک پاسی تەرخان کردووە بۆ گواستنەوەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئامادەی رۆژی دادگاییکردنەکە بن.  
 
رووداوەکانی کۆبانێ
 
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014دا هێرشیکردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاریکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە. 
 
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان لەسەر داوای هەدەپە خۆپیشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
 
گرژییەکان زیادبوون و 46 سڤیل و پۆلیس کوژران و 682 کەس لە خۆپیشاندەران و پۆلیس برینداربوون و 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێندران. 
 
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی کردە سەر هەدەپە و هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بە بڕیاری دادگا خرانە زیندانەوە. 
 
هەر لەو چوارچێوەیەدا رۆژی هەینی 19ی شوباتی 2021 داواکاری گشتیی کۆماریی 36 دۆسیەی تاوانی دژی 9 پەرلەمانتاری هەدەپە پێشکێشی وەزارەتی داد کرد بۆئەوەی وەزارەتەکە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بکات و پارێزبەندیی ئەو نۆ پەرلەمانتارە هەڵبگرێت.
ماهسونی کارامان، پارێزەری سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە رۆژی یەکشەممە 18ی نیسانی 2021 رایگەیاند، "ئەگەر بەرپرسیارێتی سیاسی و یاسایی تێکەڵ بکەین، لەو دۆخەدا لەوانەیە ئەردۆغانیش دادگایی بکرێت".
 
هەدەپە کە لەو کەیسەدا 108 ئەندام و بەرپرسی دادگایی دەکرێن، پێیوایە کەیسی کۆبانێ یاسایی نییە، بەپێچەوانەوە سیاسییە و مەبەست لێی تۆڵەسەندنەوەیە لە هەدەپە.