وەزیری دادی تورکیا: گوێ لە داواکارییەکانی دەم پارتی دەگرین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا لەبارەی پەکەکەوە دەڵێت، ''لە سەروبەندی رزگاربوون لە تیرۆرین''. سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ شاندی ئیمراڵیش رایگەیاند، ''گوێیان بۆ دەگرین''.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا شەوی چوارشەممە، 23ی نیسانی 2025 لە رێوڕەسمێکدا لە باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا لە ئەنقەرە، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، کاژێر 10:30 پێشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە لە وەزارەت لەگەڵ شاندی ئیمراڵی کۆدەبنەوە؛ گوتیشی: ''ئەوان سەبارەت بە هەلومەرجی زیندانییان، هەندێک داواکارییان هەبوو، سبەی کە هاتن گوێیان بۆ دەگرین''.
ئەندامانی ئەمجارەی شاندی ئیمراڵی، لەگوڵستان کڵچ کۆچیغیت و سەزایی تەمەلـلی، بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و ئۆزتورک تورکدۆغان، یاریدەدەری هاوسەرۆکی پارتەکە پێکدێن.
هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە لە ئەندامانی شاندەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، شەوی سێشەممە 15ـی نیسان تەندروستی تێکچوو و گەیێندرایە نەخۆشخانە. بە گوتەی پزیشکانی نەخۆشخانەکە، سری سورەییا شاخوێنبەری دڵی پچڕاوە و دواتریش جەڵتەی دڵ لێیداوە. ئێستاش لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەیەکی ئیستەنبووڵ چارەسەر وەردەگرێت.
تونچ ئاماژەی بەوە کرد، چل ساڵ شەڕ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، زیانی بە ئابووریی وڵاتەکەی گەیاندووە؛ لەبارەی پرۆسەی چارەسەریش گوتی، ''ئامانجمان تورکیایەکی بێ تیرۆرە. لە سەروبەندی رزگاربوون لە بەڵای تیرۆرین''.
وەزیری دادی تورکیا گوتیشی، ''بەداخەوە وڵاتەکەمان دوایین 40 ساڵی، واتە؛ نزیکەی نیو سەدەی خۆی بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەسەربرد. تەواوی گەلەکەمان دەیانەوێت لە بەڵای تیرۆر رزگار بین. دەمانەوێت تورکیایەکی بێ تیرۆر و ئایندەیەکی سەقامگیر بە منداڵەکانمان ببەخشێن''.
لە 1ـی تشرینی ساڵی پارەوە، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا، کە ئەمە لەلایەن تورکیا بە ''تورکیایەکی بێ تیرۆر'' و لەلایەن دەم پارتییشەوە بە ''چارەسەرکردنی پرسی کورد'' ناودەبرێت''.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ ئەم مەبەستە چەندین چوار جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی گەیاندووە؛ لە سێیەمین پەیامیدا ئۆجەلان دوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
دواتر پەکەکە رایگەیاند، بەو مەرجەی ئۆجەلان خۆی بەشداری لە کۆنگرە بکات، پابەندی بانگەوازەکە دەبن.