ئەردۆغان پاکێجێکی نوێی بۆ راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ تورکیا راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا پاکێجێکی نوێی ئابووری بۆ راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ وڵاتەکەی راگەیاند. ئەردۆغان لە گوتەیەکدا گوتی: "ناوچەکەمان و ئابووریی جیهان لە هەستیارترین و ناڕوونترین رۆژانی خۆیدایە."
رۆژی هەینی 24ـی نیسانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی دۆڵمەباخچە لە ئیستەنبووڵ، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە نەخشەرێگەی ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان و هەناردە بەشداری کرد و گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا پاکێجێکی ئابووری راگەیاند.
ئەردۆغان گوتی: "ناوچەکەمان و ئابووریی جیهان لە هەستیارترین و ناڕوونترین دۆخی خۆیدایە. لە کاتێکدا هەموولایەک، بەتایبەتی بازرگان و خاوەنکارانمان، بەدواداچوون بۆ کەشی سیاسیی رۆژانە دەکەن، هەوڵ دەدەن لەنێو ئەم تەمومژە چڕەدا رێگەی خۆیان بدۆزنەوە."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگەکە تەنیا لە کەرتی وزە نا، بەڵکو لە زۆر کەرتی دیکە وەک بەرهەمهێنان، بازرگانی، گەشتیاری و گواستنەوەدا هەستیان پێدەکرێ.
ئەردۆغان رایگەیاند، تورکیا بووەتە "دوورگەی سەقامگیریی" ناوچەکە و "بەردی بناخەی سەقامگیریی ئابووریی جیهان؛" گوتیشی: "دەرکەوت وڵاتەکەمان تەنیا پردێک یان رێڕەوێکی وزە نییە، بەڵکو بنکەیەکی سەرەکیی رێڕەوەکانی وزە و بازرگانییە لە ناوچەکەدا."
لەبارەی پاکێجە ئابوورییەکەوە، ئەردۆغان چەند بڕیارێکی راگەیاند، لەوانە:
- ناوەندی دارایی ئیستەنبووڵ: سوودی باج بۆ ئەو دامەزراوانەی لە ناوەندی دارایی ئیستەنبووڵ کاردەکەن، فراوانتر دەکرێن. داشکاندنی 50%ـی باجی کۆمپانیاکان لەسەر قازانجی بازرگانیی ترانزێت بۆ 100% بەرز دەکرێتەوە، واتە هیچ باجێکیان لێوەرناگیرێ.
- هەناردەکاران: رێژەی گشتیی باجی کۆمپانیاکان کە 25% بوو، بۆ هەناردەکارانی بواری بەرهەمهێنان بۆ 9٪ و بۆ هەناردەکارانی دیکە بۆ 14% کەم دەکرێتەوە.
- کۆمپانیا بیانییەکان: هاندانی تایبەت پێشکێشی ئەو کۆمپانیا جیهانییانە دەکرێ کە ناوەندی بەڕێوەبردنی هەرێمیی خۆیان دەگوازنەوە بۆ تورکیا. ئەو قازانجەی لە ئەنجامی بەڕێوەبردنی کارەکانیان لە دەرەوەی وڵات لەڕێگەی تورکیاوە بەدەستی دەهێنن، سوودێکی باجیی بەهێزی پێدەدرێ.
- نیشتەجێبووانی دەرەوە: ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین و لە 3 ساڵی رابردوودا لە تورکیادا باجیان نەداوە، ئەگەر بچنە تورکیا، بۆ 20 ساڵ باجیان لێوەرناگیرێ لەسەر ئەو داهاتەی لە دەرەوەی وڵات بەدەستی دەهێنن.
- گەڕاندنەوەی سەروەت و سامان: رێگەخۆش دەکرێ بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە، زێڕ و کاخەز و قەواڵە بەنرخانەی لە دەرەوەی وڵاتن بۆ نێو ئابووریی تورکیا، لە بەرامبەر پێدانی باجێکی کەم.
- تەکنەلۆژیا: ئەو داهاتەی لەلایەن ئەو خاوەنکارانەی خزمەتگوزاری وەک ئەندازیاری، تەلارسازی و سۆفتوێر پێشکێشی کڕیارانی دەرەوە دەکەن، بە تەواوی لە باجی داهات و کۆمپانیاکان دەبەخشرێ؛ پێشتر 80%ـی دەبەخشرا.
- یەک وێستگە: بۆ ئاسانکاری و خێراکردنی وەبەرهێنان، نووسینگەیەکی تایبەت بە چاودێریی نووسینگەی وەبەرهێنان و دارایی سەرۆکایەتیی کۆمار دادەمەزرێ. هەموو کارەکانی دامەزراندنی کۆمپانیا، مۆڵەتی کار و نیشتەجێبوون و کاروباری باج لە یەک شوێن رادەپەڕێنێت.
ئەردۆغان گوتی: "رێگەی تورکیا کراوەیە" و ئابوورییەکەی توانای بەرگەگرتنی شۆکە گەورەکانی هەیە؛ گوتیشی: "لە 23 ساڵی رابردوودا سەرکەوتووانە لە قەیرانە جیهانی و هەرێمییەکان دەرچووین. سەرەڕای هەموو سیناریۆ رەشبینییەکان، ئابووریی وڵاتەکەمان لە 238 ملیار دۆلارەوە گەیاندووەتە 1.6 تریلیۆن دۆلار."