موساڤات دەرڤیشئۆغڵو: بۆ چارەسەری کێشەکان، پێویستە لەمەودوا تورکیا قسە بکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیی پارتی رایگەیاند، "بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی دروست، پێویستە دەستپێکی دروستیشی هەبێت. واتە، پێویستە لەمەودوا تورکیا قسە بکات."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی تەممووزی 2025، موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی، سەردانی ئامەدی باکووری کوردستان کرد. چەندین دیدار و کۆبوونەوەی کرد و و پەیامی خۆی لەبارەی دۆخی تورکیا و پێویستیی دیالۆگەوە بڵاوکردەوە.
یەکێک لە وێستگەکانی دەرڤیشئۆغڵو، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد بوو. لەگەڵ محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئامەد کۆبووەوە.
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو پەسنی ئامەد کرد و گوتی، "دیاربەکر بۆ ئێمە شوێنێکی تایبەتی هەیە، چونکە ئێمە دیاربەکرمان خۆشدەوێت و بە بایەخەوە لێی دەڕوانین. دەزانین کە دیاربەکر شایەنی ئاستێکی زۆر بەرزترە لەوەی ئێستا تێیدایە. لە هەموو سەکۆیەکەوە دەڵێین کە پێویستە لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە لە ئاستێکی زۆر پێشکەوتووتردا بێت."
دەرڤیشئۆغڵو ئاماژەی بە پرۆسەی چارەسەری کرد کە 10 مانگە رۆژەڤی یەکەمی تورکیا و باکووری کوردستانە و گوتی، "بێگومان رەنگە بۆچوونی جیاوازمان لەسەر ئەم پرۆسەیە هەبێت. دەتوانین لەسەر سەرچاوەی ئەم جیاوازییانەش گفتوگۆ بکەین، بەڵام خاڵێکی هاوبەشمان هەیە: مەرجەکان هەرچییەک بن، هەڵوێستێکی هاوبەشمان هەیە کە بریتییە لەوەی پێشهاتەکان بەرەو باشتر بڕۆن."
سەرۆکی ئیی پارتی گوتیشی، "بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی دروست، پێویستە دەستپێکی دروستی هەبێت. بە بۆچوونی خۆمان هەندێک دەستپێک هەڵە بوون، ئێمەش بە ئاشکرا بۆ رای گشتییمان خستەڕوو. ئێمە وەک کێشەیەک لە پرسەکە دەڕوانین و بەم شێوەیە بەشداری دەکەین لە هەنگاوی دروستدا کە لەوانەیە ببێتە هۆی چارەسەرکردنی."
دەرڤیشئۆغڵو گوتیشی، "هیچ دەمارگیری و تووندڕۆییەکمان لەبارەی ئەم بابەتەوە نییە، بەڵام نیگەرانیمان هەیە، بۆ لابردنی ئەم نیگەرانییانە، پێویستە بگەینە ئاستێک هەڵسەنگاندنی ورد و دروست بکرێن."
سەرۆکی ئیی پارتی جەختیکردەوە، "کێشەکان تەنیا بە پێناسەکردنیان چارەسەر نابن. بۆ ئەوەی بتوانیت کێشەکان چارەسەر بکەیت، پێویستە زمانێکی دروست و گوتارێکی بنیاتنەر فەراهەم بکەیت. واتە، پێویستە لەمەودوا تورکیا قسە بکات. هەمیشە باس لە کێشەیەکی نیو سەدەیی دەکەین، بەڵام ناتوانین بڵێین کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، توانیمانە زەمینەی گونجاو بڕەخسێنین و بە شێوەیەکی واتادار گفتوگۆی لەسەر بکەین."