تورکیا بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی نوێ پەرە بە پەیوەندییە سەربازییەکانی خۆی دەدات
تورکیا جگە لە کرانەوەی دیبلۆماسی، بە مەبەستی دروستکردنی هاوپەیمانی نوێ پەرە بە پەیوەندییە سەربازییەکانی خۆی دەدات و بودجەی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی بۆ زیاتر لە 10 ملیار دۆلار بەرزدەکاتەوە.
لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا، ئەنقەڕە پردی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ هەولێر، بەغداد، موسکۆ و واشنتۆن کردەوە، بڕیارە لە روژانی داهاتوو ئەحمەد داودئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی تاران بکات.
داودئۆغڵوی ئەندازیاری سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، پێشتر راگەیاندبوو، کەوا بەرژەوەندییە باڵاکانی تورکیا لە ناوچەکە لە ژێر مەترسیدایە هەروەک چۆن بەرژەوەندییەکانی لە ئەمریکا لە ژێر هەڕەشداییە.
ئەنقەڕە دەیەوێت فریای گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بکەوێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت رێرەوەی سیاسەتی دەرەوە راستبکاتەوە، داود ئۆغڵۆ لە ناوەندی بڕۆکلین بۆ لێکۆڵێنەوەی لەسەر ئەمریکا و ئەوروپا گوتی " ئێمە بە دوای میحوەربەندی نوێ و هاوسەنگی هێز دەگەڕێن" وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا
ئەم هەنگاوانەی تورکیا تەنها لایەنی ئابووری و دیبلۆماسی ناگرێتەوە، ئیسمەت یەڵـماز، وەزیری بەرگری تورکیا لە دواین لێدوانیدا دەربارەی هاوبەشی و هاوکارییە سەربازییەکانی تورکیا، گوتی " شازدە وڵات سەرقاڵی دانوستاندنن لەگەڵ تورکیا تاکو رێکەوتنی سەربازی واژۆ بکەن"
یەلـماز داتاکانی پێشتری خستەڕوو و گوتی، ژمارەی ئەو وڵاتانەی تورکیا مەشقی سەربازییان لەگەڵ ئەنجامدەدات و تەکنەلۆژیا وپیشەسازی سەربازیان لەگەڵ دەگۆڕێتەوە، دەگاتە شەست و حەوت وڵات. 55 لەو وڵاتانە رێکەوتنی پیشەسازی سەربازییان لەگەڵ تورکیا هەیە. ئەو وڵاتانەی کە تەنها مەشق و مانۆڕی سەربازی لەگەڵ تورکیا ئەنجامدەدەن، دەگاتە 52 وڵات.