عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ برا گەورەکەی ئەنجامدەدات
رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لەڕێگەی نووسینگەکەیان، نووسینگەی یاسایی سەدە، راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاشکرایان کرد، پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورتخایەن لەنێوان محەممەد ئۆجەلان و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدراوە.
نووسینگەی یاسایی سەدە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "محەممەد ئۆجەلان، برا گەورەی بریکارمان عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەلایەن داواکاری گشتییەوە بانگکرا بۆئەوەی پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامبدات. پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ئەنجامدرا، بەڵام زۆر کورتخایەن بوو؛ لەکاتی قسەکردندا و دوای ماوەیەکی کورت پەیوەندییەکە پچڕا و دواتر بەردەوام نەبوو".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە رۆژی 27ی نیسانی 2020ـەوە هیچ زانیارییەک لەبارەی ئۆجەلان دەستنەکەوتووە و دوایین چاوپێکەوتنیشی کە لەگەڵ پارێزەرەکانی ئەنجامیدا رۆژی 7ی ئابی 2019 بوو. لە 14ی ئاداری 2021دا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی دۆخی تەندروستیی ئۆجەلان هەندێک هەواڵ بڵاوکرانەوە. ئێمەش وەکو ئەرک و مافێکی یاساییمان و بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی بەڕێزیان، داوای چاوپێکەوتنی راستەوخۆمان لەگەڵیدا کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکمان نەدراوەتەوە".
پارێزەرانی ئۆجەلان دەڵێن، بۆ زانینی دۆخی تەندروستیی ئۆجەلان، ئەمڕۆش داوایەکی دیکەیان پێشکێش کردووە بۆ دیداری لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵی، بەڵام پێیان راگەیێندراوە داواکارییەکەیان جێبەجێ ناکرێت و "ئەمەش پێشێلکاریی زەقە لەڕووی یاساییەوە".
پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە ئەوەشیان روونکردووەتەوە، خێزانی حامیلی یڵدرمیش پەیوەندیی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە، بەڵام ئەویش کورتخایەن بووە و پچڕاوە، خێزانی عومەر خەیری کۆنار و ڤەیسێ ئاتاشی زیندانیانی دیکەی ئیمراڵیش دژی گۆشەگیرییان ئامادەی ئەنجامدانی پەیوەندییەکە نەبووە.
پارێزەرانی ئۆجەلان دەڵێن، "ئەم بابەتە بۆ رای گشتی رادەگەیێنین، بەرپرسان دەبێت بەپێی یاسا مامەڵە بکەن".