جەهەپە بۆ گوشاری سەر شارەوانییەکانیان کۆدەبێتەوە؛ ئۆزەل بڕیارەکان ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک شارەوانییەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، بە سەرپەرشتیی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتەکە، لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا نەخشەڕێگایەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی دەکرێنە سەر شارەوانییەکانیان دابنرێت.
کۆبوونەوەکە دوای زیادبوونی ئۆپەراسیۆنەکان دێت بۆ سەر شارەوانییەکانی جەهەپە، کە دواترینیان دەستبەسەرکردن و پاشان زیندانیکردنی ئۆنورسال ئادیگوزەل، سەرۆکی شارەوانیی ئاتاشەهیر بوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی داوای پێداچوونەوە بە هەڵوێستی پارتەکەدا بکرێت.
رۆژی 20ـی نیسانی 2026، مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە گوتی، "هەموو رۆژێک بە ئۆپەراسیۆنێک بەخەبەر دێین. ناتوانین تەماشاکەر بین. هەموو سەرۆک شارەوانییەکانمان نیگەرانن. پێویستە پێکەوە بڕیارێک بدەین و ئەو بڕیارە بە هەموو جیهان رابگەیێنین."
لەسەر بنەمای ئەم بانگەوازانە، سەرۆک شارەوانییەکانی جەهەپە کاژێر 11:00ـی بەیانی لە بارەگای سەرەکیی پارتەکە کۆبوونەوە بۆ ئەوەی نەخشەڕێگایەکی نوێ دابنێن.
کۆبوونەوەکان لە پێنج دانیشتنی جیاوازدا بەڕێوەدەچن و تێیاندا تاوتوێی نەخشەڕێگای رووبەڕووبوونەوەی ئۆپەراسیۆنەکان دەکرێت. دوای کۆبوونەوەکان، کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆ، گۆکهان زەيبەک، یاریدەدەری سەرۆکی جەهەپە؛ مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئەنقەرە؛ ڤەهاب سێچەر، سەرۆکی شارەوانیی گەورەی مێرسین؛ ئایشە ئونلوجە، سەرۆکی شارەوانیی گەورەی ئەسکیشەهیر و فیلیز گەنجان ئاکن، سەرۆکی شارەوانیی ئەدیرنە، گوتاری کۆتایی پێشکێش دەکەن.
دواتر ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەکەدا دراون، بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکات.
بڕیارە رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسان، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتدا، دەرەنجامی کۆبوونەوەی سەرۆک شارەوانییەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئۆزەل لەگەڵ پەرلەمانتارانی جەهەپەش بە شێوەی گرووپ کۆببێتەوە.