ئەنساریئۆغڵو: لە دەستوورێکی نوێ و سڤیلدا مافەکانی کورد جێگیر دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ 
 
پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی لە بازنەی ئامەد ئاشکرای دەکات، ئاکپارتی دەستوورێکی سەرلەنوێ دادەڕێژێت و ماف بە کورد و پێکهاتەکانی دیکە دەدات. 
 
گالیب ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری کورد لە بازنەی ئامەدی ئاکپارتی، لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ی تەلەڤزیۆنی رووداو وەڵامی پرسیارەکانی هێڤیدار زانا-ی دایەوە و گفتوگۆ لەبارەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار و پرسی کورد و هەڵوێستی هەدەپە و یەسەپە کرا. 
 
ئەنساریئۆغڵو بە تووندی رەخنەی لە کەمال کڵچدارئۆغڵو و هاوپەیمانیی میللـەت گرت و بەوە تۆمەتباری کردن کە دەستکاری لێدوانەکانیان کردووە لەبارەی دیداری نێوان میت و ئۆجەلان و گوتی: "من نەمگوتووە، میت و ئەردۆغان لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەتەوە، من گوتوومە ئۆجەلان لەژێر دەستی دەوڵەتدایە و دەوڵەت هەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت لەگەڵیدا کۆببێتەوە. بەڵام هاوپەیمانی میللـەت بە مۆنتاژ دەستکاریی لێدوانەکانیان کردووم و بۆ چەواشەکاریی لە سۆشیال میدیا بڵاویان کردووەتەوە."
 
لەبارەی پرسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد، گالیب ئەنساریئۆغڵو رایگەیاند، ئاکپارتی و ئەردۆغان پرۆسەی چارەسەرییان دەستپێکرد، بەڵام پەکەکە کۆتایی پێهێنا و خۆیشیان بەراشکاوی ئەمەیان راگەیاند و جەختیان لەوە کردەوە کە دووبارە دەست بە خەباتی چەکداری دەکەنەوە و گوتی: "ناکرێت دەست بۆ ئەم پرسە ببردرێت، دەبێ سەرلەنوێ و بەشێوازێکی دیکە پرۆسەکە دەستپێبکاتەوە. بۆ ئەمەش پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، بۆ ئەوەی سیاسەتڤانان قۆناخی دواتری بەڕێوەببەن. سەرۆککۆماریش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دوای ئەم قۆناخە زەوینە بۆ گفتوگۆ خۆش دەکرێت".
 
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی ئاکپارتی گوتیشی: "لە دەستوورێکی مەدەنی و تەواو دیموکراسیدا کورد و پێکهاتەکانی دیکە دەتوانن هەموو پرسە نەتەوەییەکانیان جێگیربکەن بۆ ئەوەی ببێتە دەستوورێکی تەواو ئازاد. پێمانوایە بەمشێوەیە دەکرێت کێشەکان چارەسەر بکرێن". 
 
لەبارەی هەڵوێستی هەدەپە و یەسەپە بۆ پشتیوانیکردن لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، رایگەیاند، لە کاتێکدا ئەردۆغان پرۆسەی چارەسەریی دەستپێکرد و تەواوی ناوچەکانی ئاوەدانکردەوە و پرۆژەی زۆر ستراتیژیی کردەوە و هەمیشە خزمەتی زۆری بە خەڵکی گەیاندووە و لەمەش گرنگتر ئاسایش و سەقامگیریی گەڕاندەوە، کەچی هەدەپە پشتیوانی لە کڵچدارئۆغڵو دەکات و دەیەوێت بیانگەڕێنێتەوە دۆخی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، کە تەنانەت گوێگرتن لە گۆرانییەکی شڤان پەروەر قەدەخە بوو و هەر کەسێک گوێی بگرتایە، بە ساڵێک زیندانی سزا دەدرا.  
 
جەختی لەوەشکردەوە، کە هەدەپە لەژێر سێبەری چەک سیاسەت دەکات، بۆیە ناتوانێت هیچ خزمەتێکی گەلی کورد بکات، جگە لە نەهامەتی و سەرگەردانی.