وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، کۆتایی بە شەڕی پەکەکە و سوپای وڵاتەکەیان دەهێنن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، رژدن لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی چەند دەیەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای وڵاتەکەیان.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی هەینی، 25ی تەممووزی 2025 لە گوتەیەکدا لە دیلۆکی باکووری کوردستان رایگەیاند، گومانیان لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری نییە و رژدن لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای وڵاتەکە.
وەزیری دادی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، لە ئەگەری سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەکەدا بەرقەرار دەبێ.
وەزیری دادی تورکیا پەسنی ''هەوڵەکانی'' رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دا بەوەی رۆڵیان لە گەیاندنی پرۆسەی چارەسەری بەم قۆناخەی ئێستادا هەبووە.
تونچ ئاماژەی بەوە کرد، لەو کاتەوەی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) لە ساڵی 2002ەوە چووەتە سەر دەسەڵات، ئامادەکاریی بۆ رەخساندنی زەوینەیەک بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی چەند دەیەی پەکەکە کردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتییە و وەزیری دادی تورکیاش سەر بەو پارتەیە.
ساڵی 2013 پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەند دەیەیەی پەکەکە و ئەو وڵاتە دەستیپێکرد و تاوەکو 2015 بەردەوام بوو.
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.