ئەردۆغان: ئەم ساڵ زیاتر لە 5 هەزار ئاگر کەوتوونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ پێنج هەزار و 473 ئاگر لە دارستان، زەوییە کشتوکاڵییەکان و ناوچە نیشتەجێبووەکاندا کەوتوونەتەوە و دەڵێت، 95٪ـی ئاگرەکان بەهۆی ''مرۆڤەوە'' بوون.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 25-08-2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی لە پارێزگای بەدلیسی باکووری کوردستان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی کرد.
ئەردۆغان لە بەشێکی گوتارەکەیدا ئاماری ئاگرکەوتنەوەکانی ئەمساڵی خستەڕوو و گوتی: ''ئەم ساڵ پێنج هەزار و 473 ئاگر لە دارستانەکان، زەوییە کشتوکاڵییەکان و ناوچە نیشتەجێبووەکان لە سەرانسەری وڵاتدا کەوتوونەتەوە.''
بە گوتەی ئەردۆغان، تەنیا لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە تاوەکو 24ـی ئاب، چوار هەزار و 195 ئاگر کەوتوونەتەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا هۆکاری زۆربەی ئاگرەکانیشی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: ''لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە 95٪ـی ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی مرۆڤەوە بوون.''
سەبارەت بە هەوڵەکانی کوژاندنەوەی ئاگرەکانیش، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، بە بەشداریی 27 فڕۆکە، 105 هێلیکۆپتەر، شەش هەزار ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و زیاتر لە 10 هەزار کارمەند، ئاگرەکان کۆنترۆڵکراون و دامرکێندراونەتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە قۆناخی دوای ئاگرکەوتنەوەکان کرد و گوتی: ''لەسەر ئاستی ئەورووپا یەکەمین و لەسەر ئاستی جیهان چوارەمین وڵاتین لە چاندنی نەمام و گەڕاندنەوەی ژیان بۆ دارستانەکان. ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم رێچکەیە و تورکیا دەکەینە وڵاتێکی سەوزتر.''