بەفر و سرووشتی وان هەزاران گەشتیار بۆ خۆی رادەکێشێت
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری وانی باکووری کوردستان هاونیشتمانیان و گەشتیاران لە سروشتێکی جوان و بەفراویدا کاتەکانیان بەسەردەبەن. سروشتە دڵڕفێنەکەی وان وایکردووە، گەشتیاران لە تەواوی ناوچەکە سەردانی بکەن.
تیمی رووداو چوونەتە شوێنێکی سەرنجڕاکێشی پارێزگای وانی باکووری کوردستان بە ناوی وەستان؛ لەوێ چەندین چالاکیی وەرزشی ئەنجام دەدرێن، بەتایبەت خلیسکێنەی سەر بەفر.
وان شارێکی گەشتیارییە و لە هەرچوار وەرزەکەی ساڵدا گەشتیاران سەردانی دەکەن.
جەودەت ئۆزگۆکچە، سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکان- لقی رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ دەڵێت، "ئەم ساڵ دوو جار چووینە کوردستان و 67 کۆمپانیامان هێنایە جۆلەمێرگ و گەڤەر و پێمانناساندن، ئەوەش کاریگەریی هەبووە و میوانمان بە دە هێندە زیاتر بوون".
باکووری کوردستان و تورکیا چەندین شاریان تێدایە و بەشوێنی گەشتیاری بەنێوبانگن، وان لە ریزبەندیی 14یەمی ئەو شارانەدایە.
شەمسەدین بۆزکورت، سەرۆکی کۆمەڵەی کارسازان و پیشەسازانی وان دەڵێت، "بەڕاستی کاتێک بە زستان سەردانی ئێرەتان کردووە، خواردن و خواردنەوەکانی وان زۆر خۆشن، بەخۆتان دەزانن ماسیی وان تایبەتە، گۆشتەکەی زۆر تایبەتە، پەنیرەکەی و نانی تەنوور و زۆر شتی دیکەی تایبەتی هەن."
لە ساڵی 2022دا 530 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای وانیان کردووە، ساڵی رابردوو ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ 700 هەزار گەشتیار، کە داهاتەکەی ملیارێک و 500 هەزار دۆلار بووە.
بەشێکی ئەو گەشتیارانەی سەردانی وان دەکەن هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانن.
سەرۆکی کۆمەڵەی کارسازان و پیشەسازانی وان ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە دەزانین کە تەماشاڤانێکی زۆر بەڕێزتان هەیە و ئێمە دەبینن و ئێوەش زۆر جار باسی ئێرەیان بۆ دەکەن، کاتێکیش ئەم شوێنانە پێشان دەدەن، گەلەکەمان لە کوردستان دەتوانن بیبینن و وەکو گەشتیار بێنە ئێرە و ئێمەش میواندارییان دەکەین."
لە زستاندا 60 بۆ 70%ـی هۆتێلەکانی وان پڕ دەبن لەگەشتیار، بەڵام لە هاوینان 100% هۆتێلەکان پڕ دەبن.