باخچەلی: بە ئەردۆغانم گوت بۆچی نابیتە پێنجەمین سەرکردە کە قودس رزگار دەکات؟

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، لەبارەی مشتومڕی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە رایگەیاند، "لەم قۆناخەدا هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام نادرێت." داوایەکیشی ئاراستەی ئەردۆغان کردبوو، بۆئەوەی ببێتە پێنجەمین سەرکردە کە قودس رزگار بکات.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بە نووسراو وەڵامی پرسیاری کەناڵێکی تورکیی داوەتەوە و باسی لە چەندین بابەت کردووە. باسی لە رۆژەڤی سیاسیی تورکیا کرد و گوتی، "لەم قۆناخەدا هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام نادرێت؛ راستیش نییە. دەوروبەری تورکیا بازنەیەکی ئاگرینە. پاراستنی سەقامگیری، گرنگە."
 
سەرۆکی مەهەپە، ئاماژەی بە پێشنیازێکی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد لەبارەی قودسەوە و گوتی، "بەرێز سەرۆککۆمار دەڵێت 'جیهان لە 5 گەورەترە'. منیش پێم گوت؛ 'حەزرەتی عومەر قودسی فەتح کرد، سەڵاحەدینی ئەیوبی قودسی فەتح کرد، یاوز سوڵتان سەلیم قودسی فەتح کرد، عەبدولحەمید قودسی بووژاندەوە. ئەم چوار ناوە بۆ قودس گرنگن و سیمبولن. بۆچی ئێوە نابنە پێنجەم؟' لە مێژوودا پەیوەندی لەنێوان فەتحکردنی شام و قودسدا هەیە. هەر کەسێک شامی فەتح کردبێت، بە دڵنیاییەوە قودسیشی فەتح کردووە. خەڵکی ناوچەکە بەدوای سەرکردەیەکی بەهێزدا دەگەڕێن کە متمانەی پێبکەن."
 
باخچەلی هەروەها گوتی، "تورکیا لە پێگەیەکدا بوو کە دیالۆگی نێوان ئۆکراینا و رووسیای مسۆگەر کرد. لە پرسی غەززەشدا، تورکیا زۆرترین هەوڵی دا. ئەگەر کەسێک ببێتە سەرۆکی ئەم ئەنجوومەنە، دەبێت بەڕێز سەرۆککۆمار بێت. سێشەممەی رابردوو لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنماندا ئەمەم بە راشکاوی خستەڕوو."
 
سەبارەت بە دۆخی ئێران، باخچەلی گوتی، "ئەوەی لە ئێران روودەدات، گرنگە. وەک دەزانن، لەوێ رێژەیەکی بەرچاو، 30-35 ملیۆن تورک هەن. پەیامێکم بۆ ئەوێ نارد. پەیامێک بوو بۆ تراکتۆرەکان؛ 'تراکتۆرەکان، کێڵگە مەکێڵن!'"
 
دەوڵەت باخچەلی، لەبارەی ئەمریکاوە قسەی کرد و گوتی، "ئەمریکا وەکو گۆزەیەکی کریستاڵ وردوخاش دەبێت و دەکرێت ببێتە 51 پارچە. ئەگەر گۆزەی ئەمریکا بشکێت، 51 ویلایەت دەبێتە 51 پارچە."