گوتەبێژی ئاکپارتی: هەسەدە نوێنەرایەتی کورد ناکات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاکپارتی پێشوازی لە مەرسوومەکەی سەرۆککۆماری سووریا دەکات بۆ پاراستنی مافی کورد و دەڵێت: "کەسانێک هەن هەسەدە وەک نوێنەری کورد دەبینن، ئەوەش هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەوەی بڵێی داعش نوێنەرایەتیی عەرەب دەکات". ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەسەدە لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە، شەڕی ئەو گرووپە دەکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 26-01-2026، عومەر چەلیک، یاریدەدەری سەرۆک و گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، دوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حیزبەکەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە دۆخی سووریا کرد و رایگەیاند: "ئەو مەرسوومەی لەلایەن سەرۆککۆماری سووریاوە دەرچووە و مافی خوشک و برا کوردەکانمان دەپارێزێت، جێگەی دڵخۆشییەکی زۆرە".
بەگوتەی چەلیک، لە مەرسوومەکەدا بە روونی هاتووە کە کوردانی سووریا بەشێکی دانەبڕاوی ئەو وڵاتەن و زمان و کولتووریان پارێزراوە. گوتیشی: "بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە سەردەمی رژێمی ئەسەد، خوشک و برا کوردەکانمان لەوێ تەنانەت ناسنامەشیان نەبوو. ئێستا کە بە مەرسوومێکی ئاستی باڵای دەوڵەت مافەکانیان پارێزراوە، بە دڵخۆشکەر و گرنگی دەزانین".
گوتەبێژی ئاکپارتی رەخنەی لەوانە گرت کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەک نوێنەری کورد دەبینن و رایگەیاند: "ئەگەر کەسانێک دەستکەوتی رێکخراوێکی تیرۆریستی وەک دەستکەوتی نەتەوەیەک ببینن، بیرکردنەوە یەکی زۆر نادروستە. ئەگەر کەسێک بڵێت 'هەسەدە نوێنەرایەتیی کورد دەکات'، ئەمە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو رستە نادروستەی کە دەڵێن 'داعش نوێنەرایەتیی عەرەبەکان دەکات'".
سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریاش، عومەر چەلیک پاساوی بۆ ئۆپەراسیۆنەکان هێنایەوە و گوتی: "بەداخەوە لەبەرئەوەی هەسەدە پابەندی رێککەوتنەکە نەبوو، ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە دەستیانپێکرد".
گوتەبێژی ئاکپارتی جەختی لەوە کردەوە کە لەناوبردنی "رێکخراوە تیرۆریستییەکان" لە سووریا، لە بەرژەوەندیی کورد، تورکمان و عەرەبەکانە و گوتی: "دەستکەوتی راستەقینە ئەوەیە کە خوشک و برا کوردەکانمان لە چوارچێوەی یەک سووریا و یەک سوپادا مافەکانیان پارێزراو بێت".