دەم پارتی: نابێت تەماشاکەر بین کاتێک منداڵانی کۆبانی لە سەرما رەقدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەم پارتی لە 11یەمین ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێدا، داوا لە ئەنقەرە دەکات دەروازە سنوورییەکان بەڕووی رۆژئاوای کوردستاندا بکاتەوە و رایدەگەیێنێت، قەیرانێکی گەورەی مرۆیی هەیە و "ناتوانین وەک سیاسەتڤان تەماشاکەر بین کاتێک منداڵان لەبەر سەرما رەقدەبنەوە."
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە، تیشکی خستە سەر دۆخی مرۆیی رۆژئاوای کوردستان و ئاشکرای کرد، پارتەکەیان "مێزی قەیران"ـی پێکهێناوە و دەست بە جموجووڵێکی چڕی دیپلۆماسی دەکەن.
گوتەبێژی دەم پارتی بە وەبیرهێنانەوەی رزگارکردنی کۆبانێ لە دەستی داعش لە 26ی کانوونی دووەمی 2015، ئاماژەی بەوە کرد کە شارەکە جارێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سووریاوە گەمارۆدراوە. دۆغان گوتی: "ئەوەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە لەژێر گەمارۆدایە، پرسێکی مرۆییە. ئازادیی کۆبانی، ئازادیی گەلانە."
سەبارەت بە دۆخی مرۆیی ناوچەکە، ئایشەگوڵ دۆغان هۆشداری دا لە نەبوونی دەرمان، خۆراک و ئینتەرنێت و داوای کرد هەنگاوی کرداری بنرێت.
دۆغان گوتی: "پێویستە دەروازەی سنووریی مورشدپنار دەستبەجێ بکرێتەوە. بە هەمانشێوە، دەروازەی سنووریی نسێبینیش دەکرێت بکرێتەوە. نابێت تەماشاکەری رەقبوونەوەی منداڵان بین لەبەرچاوی هەموو جیهان. پێویستە هەڵوێستێکی چالاک وەربگیرێت."
هاوکات ئامادەیی شارەوانییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نیشان دا بۆ گەیاندنی کۆمەکە کۆکراوەکان، بەڵام رایگەیاند "تەنیا رێگر لەبەردەمیاندا داخستنی دەروازە سنوورییەکانە."
گوتەبێژەکەی دەم پارتی نیگەرانیی خۆی نیشاندا بەرامبەر بەکارهێنانی هێز دژی ئەو چالاکییانەی بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان رێکدەخرێن و باسی لە برینداربوونی پەرلەمانتار (جەلال فرات) کرد لە ئیستەنبووڵ.
سەبارەت بە سزادانی ئەو ژنانەی وەک ناڕەزایەتی پرچی خۆیان بڕیوە، دۆغان گوتی: "ئێوە دەڵێن هەموو جۆرێکی کوردبوون تاوانە.. لە پرچی بڕاو دەترسن، چونکە ئەوە بەرگریی رووناکییە دژی تاریکی."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دۆغان داوای لە حکومەتی تورکیا کرد واز لە "تاکتیکی کات بەفیڕۆدان" بهێنێت و رۆڵێکی بنیاتنەرانە لە سووریا بگێڕێت.
ئایشەگوڵ دۆغان پرسیاری ئەوەی کرد: "ئایا ئەنقەرە لە ساتەوەختێکی مێژوویی وەرچەرخاندا، دەستکەوتەکانی کورد وەک هەڕەشە قبووڵ دەکات، یان وەک دەستکەوتی خۆی دەیبینێت؟" جەختیشی کردەوە کە "بە عەقڵییەتێکی سەربازی ناتوانرێت سەقامگیری لە سووریا مسۆگەر بکرێت."