ئۆجەلان چاوی کەوت بە برا و برازایەکی
رووداو دیجیتاڵ
رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، چاوی کەوت بە محەممەد ئۆجەلانی برای و عومەر ئۆجەلانی برازای.
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، نووسینگەی یاسایی سەدە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە دوورگەی ئیمرالی لەگەڵ محەممەد ئۆجەلانی برای و عومەر ئۆجەلانی برازای کۆبووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، جگە لە ئۆجەلان، زیندانییەکانی دیکەی ئیمرالیش چاویان بە کەسوکاریان کەوتووە.
نووسینگەی یاسایی سەدە رایگەیاند: "بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەمڕۆ لە دوورگەی ئیمرالی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی، محەممەد ئۆجەلان و عومەر ئۆجەلان، کۆبووەوە. هەروەها بریکارەکانی دیکەمان بەڕێزان حامیلی یڵدرم، عومەر خەیری کۆنار، ئەرگین ئاتابەی و مەحموود یامالاک هەر ئەمڕۆ لە دوورگەی ئیمرالی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان کۆبوونەوە."
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، ماوەیەکی زۆر بوو پارێزەران و خانەوادەی زیندانییەکان بۆ ئەنجامدانی دیدار، سەردانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیان دەکرد، بەڵام وەڵامی ئەرێنییان دەستنەدەکەوت.
تاوەکو ئێستا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و پەیامەکانی ئۆجەلان، زانیاریی ورد بڵاونەکراوەتەوە.
سبەی هەینی 27ی شوباتی 2026، ساڵێک بەسەر بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە تێدەپەڕێت و بڕیارە دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە ئەنقەرە پەیامێکی نوێی ئۆجەلان بڵاوبکاتەوە.