باکرهان: خەڵک چاوەڕێی هەنگاوی کردارییە نەک قسە
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئامەد رایگەیاند، "لەم قۆناخە نوێیەدا، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بین، دەبێت کۆتایی بە دانانی قەییوم بهێنین. خەڵک دەیەوێت هەنگاوی کرداری ببینێت نەک قسە. گەڕاندنەوەی قەییومەکان دەتوانێت یەکەم هەنگاوی کرداریی قۆناخە نوێیەکە بێت."
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، دەم پارتی، بە بەشداریی تونجەر باکرهان، بە درووشمی "خاوەنداری لە ئیرادەی خۆمان دەکەین و دەنگمان دژی قەییوم بەرز دەکەینەوە،" کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ هاوسەرۆکانی تەواوی شارەوانییەکانی سەر بە دەم پارتی کرد. دواتر قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا کە لەبەردەم گەورەشارەوانیی ئامەد بەڕێوەچوو، هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی دەم پارتی لە پارێزگا و قەزاکان ئامادەبوون.
باکرهان، لە گوتارێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان گفتوگۆیەکی بەرهەمداریان کردووە.
باکرهان، ئاماژەی بەوەدا لە ساڵی 1999ـەوە ئەزموونیان لە بەڕێوەبردنی حکومەتە خۆجێیەکاندا هەیە و گوتی، "هەرچەندە لە قۆناخی جیاوازدا کارەکانمان پچڕاون، بەڵام نەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە ناوچەکە و جیهانیشدا پرۆژەی گرنگمان ئەنجامداوە کە دیموکراسی، شەفاف، بەشداریکار، ژن-ئازادیخواز، ژینگەدۆست و لە خزمەتی گەنجان، گرووپە پەراوێزخراوەکان و منداڵاندا بوون. ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێیانماندا باسمان لە کارە کراو و نەکراوەکانمان کرد و گفتوگۆمان لەسەر ئەوە کرد کە لە داهاتوودا چی بکرێت بۆ ئەوەی شارەوانییەکانمان بەهێزتربن."
باکرهان، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە لە ساڵی 2016ـەوە نزیکەی 3 خولە ئیرادەی گەل بە قەیووم زەوت دەکرێت و لە دوایین هەڵبژاردنیشدا 13 شارەوانییان بە نایاسایی بەڕێوەدەبرێن. گوتی: "قەییومەکان بوونەتە شەرمەزاری بۆ ئەم وڵاتە و دەبێت ئەم شەرمەزارییە کۆتایی پێبێت. پێویستە کۆتایی بە زەوتکردنی ئیرادەی گەل بهێندرێت. گەل خۆی لە هەڵبژاردنی رابردوودا هەڵوێستی خۆی دژی قەییومەکان نیشاندا و دیسان پارتەکەی خۆی هەڵبژارد."
گوتیشی، "لەم قۆناخە نوێیەدا، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بین، دەبێت کۆتایی بە کردەوەی قەییوم بهێنین. خەڵک دەیەوێت هەنگاوی کرداری ببینێت نەک قسە. گەڕاندنەوەی قەییومەکان دەتوانێت یەکەم هەنگاوی کرداریی قۆناخە نوێیەکە بێت. خەڵک تەنیا قسەی ناوێت، بەڵکو کردەوەی دەوێت. یەکێک لە گرنگترین و کرداریترین هەنگاوەکانی ئەم قۆناخە نوێیە، دەتوانێت بە گەڕاندنەوەی ئەحمەدەکان و 13 هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی دیکەمان بۆ سەر کارەکانیان دەستپێبکات."