گەورەشارەوانیی ئامەد پرۆژەیەکی بۆ نابینایان راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
گەورەشارەوانیی ئامەد، پرۆژەیەکی بۆ تۆمارکردنی کتێبی دەنگیی راگەیاند و یەکێک لە خۆبەخشەکان دەڵێت، "دەنگم دەبێتە رێبەریان."
بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزارییەکانی خاوەن پێداویستیی تایبەت سەر بە گەورەشارەوانیی ئامەد، پرۆژەیەکی بۆ تۆمارکردنی کتێبی دەنگی بۆ هاونیشتمانییانی خاوەن پێداویستیی تایبەت (نابینایان) دەستپێکرد.
دەیان خۆبەخش بەشدارن
لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا، لە ماوەی 5 مانگدا 66 هاونیشتمانیی خۆبەخش 33 کتێبیان تۆمارکردووە. فیدراسیۆنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، داوای خۆبەخشی زیاتر دەکات بۆ فراوانکردنی پرۆژەکە.
پرۆژەکە هەزاران هاونیشتمانیی نابینا لە ئامەد دەکاتە ئامانج و بەنیازە بەشداریی کۆمەڵایەتی و دەستڕاگەیشتنیان بە زانیاری زیاد بکات. ئامانج ئەوەیە بە پشتیوانیی خۆبەخشان، کتێبخانەیەکی دەنگیی دەوڵەمەند دروست بکرێت.
لە 5 مانگی رابردوودا، 15 کتێب بە شێوەزارەکانی کورمانجی و زازاکی و 18 کتێبی دیکە بە زمانی تورکی تۆمارکراون. کاری تۆمارکردنی 30 کتێبی دیکەش بەردەوامە.
خۆبەخشان لە ستۆدیۆکانی سەر بە شارەوانی، بەرهەمی ئەدەبیی جۆراوجۆر بۆ نابینایان دەخوێننەوە و تۆماری دەکەن.
دەنگم دەبێتە رێبەریان
گوڵجیهان یڵماز، یەکێک لە خوێنەرە خۆبەخشەکان، سەبارەت بەم پرۆژەیە بۆ رووداو دوا. ئاماژەی بەوە کرد کە ژیان بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە زۆر بواردا سنووردارە و گوتی: "رەنگە لە ژیاندا هەرگیز یەکدی نەبینین، بەڵام دەنگم دەبێتە رێبەریان. بە دەنگی خۆم ژیان بە کتێبەکە دەبەخشم؛ ئەوانیش هەست بەو رستـانە دەکەن و دەیبیستن کە لە دەنگی منەوە دێن."
خۆبەخشێکی دیکە بە ناوی حەلیمە ئایدن، بە رووداوی گوت: "بە کتێبێکی منداڵان دەستیپێکردووە و ئێستا بەردەوامە لە خوێندنەوەی رۆمانێک. گوتیشی، "دواتر کتێبی پەروەردەیی و میوزیک دەخوێنمەوە. تاوەکو ئەم پرۆژەیە بەردەوام بێت، هەوڵ دەدەم لە هەموو ژانەرێکی ئەدەبیدا کتێب بخوێنمەوە."
ئامانج: کتێبخانەی فرەزمان
فەرهاد توتشی، بەرپرسی تەکنیکیی ستۆدیۆی دەنگ رایگەیاند، بەرهەمە تۆمارکراوەکان رۆمان، شیعر، گۆڤار، چیرۆک و کتێبی ئایینی و پەروەردەیی لەخۆدەگرن. گوتی، "تۆمارکردنی کتێبەکان بەشێوەیەکی فرەزمان بەڕێوەدەچێت. بە زمانەکانی کورمانجی، زازاکی، تورکی و ئینگلیزی تۆمار دەکەین و بەردەوام دەبین لە زیادکردنی ئەم فرەجۆرییە."
ئامانجی کۆتایی ساڵ: 300 کتێبە
عەبدولمەجید یڵماز، سەرۆکی فیدراسیۆنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی ئامەد، داوای لە هاونیشتمانییان کرد بەشداری بکەن و گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ساڵ ژمارەی کتێبە تۆمارکراوەکان بگاتە 300. ئەم پرۆژەیە زۆر بەنرخە. ئامانجی کۆتاییمان ئەوەیە کتێبخانەیەکی دەنگیی دیجیتاڵی دروست بکەین کە نەک تەنیا لە ئامەد، بەڵکو لە هەموو تورکیا، لە جۆلەمێرگەوە تاوەکو ئادانا و ئیستەنبووڵ، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان سوودی لێوەربگرن."
بەگوێرەی داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا (TÜİK) بۆ ساڵی 2011، لە ئامەد 28 هەزار هاووڵاتیی نابینا دەژین. بەهۆی ئەوەی لە 15 ساڵی رابردوودا هیچ داتایەکی نوێ و ورد بڵاونەکراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی راستەقینە زیاتر بێت.