شاندێکى عێراق گەیشتە تورکیا؛ تاوتوێی پرسی جێبەجێکردنی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکى حکومەتى عیراقى گەیشتە تورکیا بۆ تاوتوێکردنى پرسی جێبەجێکردنى پرۆژەى رێگەى گەشەپێدان، ئەندامێکى شاندەکە دەڵێت، "سەردانەکەیان تایبەتە بە پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان و جێبەجێکردنى گواستنەوە و ترانزێتى نێوان عێراق و تورکیا."
رۆژی 26ى ئادارى 2024، باڵیۆزخانەى عێراق لە تورکیا رایگەیاند، ئەو شاندە گەیشتوونەتە ئەنقەرەى پایتەختى ئەو وڵاتە.
شاندەکەى عێراق بە سەرۆکایەتیى ناسر ئەسەدى، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى گواستنەوەیە. ئەندامانى دیکەى شاندەکە پێکهاتوون لە یونس خالید، بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى هێڵى ئاسنینى عێراق و سەفا جەبار ناسر، بەڕێوەبەرى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان.
رۆژی 26ى ئاداری 2024 یونس خالید، بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى هێڵى ئاسنینى عێراق کە ئەندامێکى شاندەکەیە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سەردانەکەیان بۆ تورکیا تایبەتە بە پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان و جێبەجێکردنى گواستنەوە و ترانزێتى نێوان عێراق و تورکیا و ئاڵوگۆڕى ئەزموونى نێوان هەردوو وڵات.
بەڕێوەبەرى گشتى کۆمپانیاى هێڵى ئاسنینى عێراق گوتى، "ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەى بەردەوامداین و سبەى ئەنجامەکانی ئەو سەردانە دەردەکەون و رایدەگەیێنین."
رێگەى گەشەپێدان، هێڵێکە کە 15 کۆمپانیا جێبەجێى دەکەن، بەگوێرەی دیزاین و پلانەکە، درێژییەکەى 1200 کیلۆمەتر دەبێت و تێچووی 17 ملیار دۆلارە، 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت.
پڕۆژەکە دوو هێڵى هاتن و چوون دەبن و بڕیارەکە بەو جۆرەیە کە ساڵى 2028 تەواو ببێت، کە لە شارى بەسرەوە دەستپێدەکات و دەچێتە تورکیا.
بەشێک لە کۆمپانیاکانى تورکیا بەشدار دەبن لە جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە لە ناو عێراق.