ئەردۆغان: فرمێسکەکانی ئیسفەهان و تاران جیاواز نین لە فرمێسکەکانی هەولێر و بەغدا

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا، کاردانەوەی بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نیشان دا و رایگەیاند، فرمێسکەکانی ئیسفەهان، تەبرێز و تاران چ جیاوازییەکیان لەگەڵ فرمێسکەکانی هەولێر، عەممان، بەغدا، بەیروت، سەنعا، دۆحە، ریاز و شارە براکانی دیکەی ناوچەکەمان هەیە؟ 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی ئاداری 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئاکپارتی، لە کۆبوونەوەی فراوانی سەرۆکی لقەکانی رێکخستنی پارتەکەیدا قسەی کرد و بە تووندی رەخنەی لە ئیسرائیل گرت.
 
ئەردۆغان رایگەیاند: "ئەو جەنگەی رۆژی 28ی شوبات بە هاندانی ئیسرائیل دژی ئێران دەستیپێکرد، بەردەوامە لەوەی ناوچەکەمان نوقمی بۆنی خوێن و بارووت بکات. منداڵانی بێتاوان و بێئاگا لە هەموو شتێک، لە کاتێکدا لە قوتابخانەکانیان گوێ لە وانەکانیان دەگرن، دەبنە ئامانجی مووشەک و بۆمبەکان. ناوچەکەمان بە ئازارترین و سەختترین رۆژانی سەدەی رابردووی خۆیدا تێدەپەڕێت. تۆڕی کۆمەڵکوژی کە رق و کینە چاویانی کوێر کردووە، بە پاساوی بیانووی ئایینی، جوگرافیاکەمان بەرەو کارەساتێکی گەورە پەلکێش دەکەن." 
 
سەبارەت بە کارەسات و ماڵوێرانییەکانی جەنگ، ئەردۆغان بەمشێوەیە دوا: "دەمەوێ ئەمە بە راشکاوی بڵێم: لە هەر شوێنێک بن، ئەوانەی بە دڕندانە دەکوژرێن، براکانمانن. ئەو منداڵانەی لەناو قوتابخانە دوا هەناسەیان دەدەن، جگەرگۆشەکانمانن. ئەو ژنانەی بەهۆی ئازاری رۆڵەکانیانەوە دڵیان بووەتە کەربەلا، دایکی ئێمەن. ئەو شارانەی بەهۆی بۆمبارانەوە بوونەتە کەلاوە، بە هەمان شێوە شارەکانی ئێمەن. ئەو شوێنانەی وێران کراون، رووخێنراون و تاڵان کراون، ناوچەی ئێمەن." 
 
باسی لە قوربانییەکانی جەنگ کرد لە هەولێر و بەغدا و ئێران و کەندا و گوتی: "بە دڵێکی خوێناوییەوە بەناوی خودا دەپرسم؛ فرمێسکەکانی ئیسفەهان، تەبرێز و تاران چ جیاوازییەکیان لەگەڵ فرمێسکەکانی هەولێر، عەممان، بەغدا، بەیروت، سەنعا، دۆحە، ریاز و شارە براکانی دیکەی ناوچەکەمان هەیە؟ لەبەرچاوی تۆڕی کۆمەڵکوژی، چ جیاوازییەک هەیە ناومان عەلی، مورتەزا، عومەر، عائیشە، زەینەب، حەسەن یان حوسێن بێت؟ جا چ لە ئێران بێت یان لە کەنداو، ئایا هەر مووشەکێک کە دەتەقێنرێت، ئێمە نین زیانمان پێدەگات، بەرکەوتە دەبین و خوێنمان لێ دەڕژێت؟"
 
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوەش کرد کە جەنگەکە زیانی ئابووری نەک تەنیا بە ئێران، بگرە بە تورکیا و تەواوی وڵاتانی ناوچەکە دەگەیێنێت و رایگەیاند، "ئایا بەهۆی ئەم جەنگە بێمانایەوە، ئابووریی ناوچەکەمان نییە کە خوێنی لێ دەڕوات؟ لەبەرچاوی ئەو دەستدرێژکارانەی کە ماوەی 27 رۆژە پابەندی هیچ پرەنسیپ، بەها و نۆرمێک نین، بەناوی خودا، ئایا جیاوازییەک هەیە لەوەی شیعە بین یان سوننە، تورک، کورد، عەرەب یان فارس بین؟ بە هەموو راستگۆییەکەوە دەپرسم؛ هەرچەندە مەزهەب و رەچەڵەکەکانمان جیاوازن، ئایا ئەو خوێنەی لە سەرانسەری جوگرافیاکەماندا دەڕژێت، هی ئێمە نییە؟"
 
ئاماژەی بەوەشدا کە بەهۆی جەنگەکە باجەکەی هەموو مرۆڤایەتی دەیدات و گوتی: "هەرچەندە جەنگەکە جەنگی ئیسرائیلە، بەڵام باجە قورسەکەی سەرەتا موسڵمانان و دواتریش هەموو مرۆڤایەتی دەیدەن. دوای ئەوەی دەنگی مەرگهێنی بۆمب و مووشەکەکان دەوەستێت، ئێمە هەر لەم جوگرافیایەدا پێکەوە دەژین. پێموایە پێویستە کەس ئەم راستییە لەبیر نەکات." 
 
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم جەنگە بەسەر تورکیا، ئەردۆغان رایگەیاند "ئەرکی لەپێشینەی ئێمە پاراستنی گەلەکەمانە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگ لەسەر ئابووری. لەم بارودۆخەی ئێستادا کە نادڵنیایی و دڵەڕاوکێ لەسەر ئاستی جیهان پەرەی سەندووە، ناجێگیریی بازاڕەکان بە شتێکی ئاسایی دەزانین. رەنگە کێشەی کاتیمان هەبێت. رەنگە رووبەڕووی هەندێک سەختیی کاتی ببینەوە. بەڵام ئەو دۆخە لەناکاوانەی بەهۆی شۆکی کاتی یان جیهانییەوە دروست دەبن، بە یارمەتیی خودا، لە ئامانجەکانمان دوورمان ناخەنەوە. ئێمە پابەندی ئامانجەکانمانین و لە کۆتاییدا دەگەینە مەبەست." 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "با هەموو کەس بزانێت کە وەک دەوڵەت، هەرگیز خۆمان بەدەست گوتاری رق و کینە، بانگەشەی جەنگ و کەشی ململانێی چواردەورمانەوە نادەین. راستییەک هەیە ئەویش تورکیایەکە کە سەرەڕای ئەو زەبرانەی لە زۆر کەسی نەشارەزای بەرژەوەندیخوازەوە بەری کەوتووە، نەڕووخاوە، لەق نەبووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە وەک بەردێکی پتەو راوەستاوە. کەس ناتوانێت ئەم تورکیایە بەچۆکدا بهێنێت. دەبینن، ئەوەی سەردەکەوێت تورکیا دەبێت. ئەوەی سەردەکەوێت گەلی تورک دەبێت بە 86 ملیۆن ئەندامەکەیەوە. ئەوەی سەردەکەوێت برایەتی، ئاشتی، دادپەروەری و ئاشتیخوازان دەبن."
 
جەختی لەوەشکردەوە گوێ لە بانگەشەی جەنگ ناگرن و گوتی: "تورکیا لەسەر رێگەیەکی راستە، لە شوێنێکی راستە و سیاسەتێکی راست پەیڕەو دەکات. هەم گەلی برای ئێران، هەم وڵاتانی برای کەنداو و هەم هەموو جیهان ئەمە دەزانن. ناکەوینە ئەو داوانەی جەهەپە، کە هەرگیز نەیتوانی ببێتە پارتی تورکیا، دەیەوێت تێمانبخات. گوێ لەو بانگەشانەی جەنگ ناگرین کە لەلایەن ئەکتەرەکانی جەهەپەوە هان دەدرێن."