بوومەلەرزەیەک لە پارێزگایەکی باکووری کوردستان روویدا


رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.5 پلەی رێختەر لە پارێزگای چەولیگی باکووری کوردستان روویدا. 
 
سه‌رۆكایه‌تی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاو (ئافاد) رایگەیاند، بوومەلەرزەکە کاژێر 08:01 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی نیسانی 2026 لە شارۆچکەی یەدیسوو سەر بە پارێزگای چەولیگ روویداوە و گوڕەکەی 4.5 پلە بووە بە پێوەر رێختەر، 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 7.01 کم تۆمارکرا. 
 
تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەی فەرمیی لەبارەی زیانەکانی ئەم بوومەلەرزەیە نەدراوە. 
 
گەورەترین بوومەلەرزە کە بەمدواییانە لە تورکیا و باکووری کوردستان روویاندابێت، بوومەلەرزەکەی مەرەش بوو، کە کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023 بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر روویدا و 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. 14 ملیۆن هاووڵاتیی راستەوخۆ کەوتنە ژێر کاریگەری بوومەلەرزەکان. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 537 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 213 کەسی دیکە برینداربوون. 
 
بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.